میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان بابەشێخ حوسەینى سکرتێرى گشتیى و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندیى سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران کرد و، بەبۆنەى (45) چل و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران، پیرۆزباییان لێدەکات و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت، جەختدەکاتەوە سەر یەکڕیزى لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و، پێشنیارى پێکهێنانى (بەرەیەکى یەکگرتوو) بۆ لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك بابەشێخ حوسەینى سکرتێرى گشتیی سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران
بەڕێزان ئەندامانی کۆمیتەى ناوەندیى سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران
سڵاوێکى برایانەى گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (45) چل و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى سازمانە تێكۆشەرەكەتان (سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران دەكەین و، هیڤیدارین ساڵیادى دامەزراندنى سازمانى خەبات ؛ ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلى کوردستان.
بەڕێزان؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (سازمانى خەبات-ى کوردستانى ئێران) دەكەنەوە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان ئەمەش بە یەکبوونمان دەکرێت، یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەمڕووەوە کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ لایەنە تێکۆشەرەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەم پێناوەدا بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە کەوا بە زووترین کات هەوڵەکان بە ئەنجام بگەن و بەرەیەکى یەکگرتوو رابگەیەنن، بەباوەڕی ئێمە پێکهێنانى بەرەیەکى فراوان و یەکگرتوو بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، پێگەى رۆژهەڵاتى کوردستان لەنێو هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە بەهێزتر دەکات و، دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕیزى و سەرکەوتنمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و تەندروست و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
28 / 08 / 2025