سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان دەكات

  غەفوور مەخموورى: پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان

 

   میدیا - هەولێر :

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 31 / 8 / 2025، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان كرد.

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قه‌هار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى و زوبێر عومەر رەسووڵ ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (عەلى عەونى ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى پەیوەندى نیشتمانى و رەسووڵ رەزگەیى کارگێڕى بەشى پەیوەندى گشتى و ژمارەیەک لە ئه‌ندامانی بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا سكرتێری گشتی YNDK بە شاندى میوانى راگەیاند کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیارى پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى کرد کەوا تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنەشى وەک فاکتەرێکى سەرەکى بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان وەسفکرد.

  لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.