میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ڕۆژی ٦ / ٧ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانى سکرتێرى گشتیى پارتی رەنجدەرانی کوردستان-ی كرد، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرا.
پێشنیوەڕۆى ڕۆژی یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، سەردانى بارەگای مەکتەبى سیاسیى پارتی رەنجدەرانی کوردستان-ی کردو، بەگەرمى لەلايەن بەڕێز (باپیر کامەلا سکرتێرى گشتیى پارتی رەنجدەرانی کوردستان) پێشوازیکرا، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و گۆڕانکارى و پێشهاتە سیاسییەکانى ناوچەکە كراو، جەختكرایەوەسەر یەكدەنگی و یەكڕیزی تەواوی پێکهاتەو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سوود وەرگرتن لەو گۆڕانكاری و پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روویانداوەو روودەدەن، بۆ ئەمەش پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و داڕشتنى کارنامەیەکى نیشتمانى بۆ یەكگوتاری گەلی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا بەگرنگ وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا باس لە زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیانى هێزو لایەنە سیاسییەكان و نەتەوەو پێکهاتەکانى کوردستان کراو، جەختکرایەوە سەر هاوکارى و هاوخەباتى نێوانيان.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.