شكۆدار بێت يادى راپه‌ڕينه‌ مه‌زنه‌كه‌ى به‌هارى ساڵى 1991

     - جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرى كوردستان ...                  

     - كه‌سوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شه‌هیدانی كوردستان ...

    - حزب و لایه‌نه‌ سیاسییەکان و رێكخراوه‌كانی کۆمەڵگەى مەدەنیى كوردستان...

   ئه‌مڕۆ یادی (34) ساڵه‌ی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی 5ی ئاداری ساڵی 1991 ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌م رۆژه‌ مێژووییەدا، جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستان له‌ رانیه‌ی ده‌روازه‌وه‌ ده‌ستی به‌ڕاپه‌ڕین كرد، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا بڵێسه‌ی راپه‌ڕین هه‌موو شار و شارۆچكه‌‌کانى باشووری كوردستانی گرته‌وە و، كوردستان له‌ به‌عسییه‌‌كان پاككرایه‌وه‌‌ و موژده‌ی ئازادی و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان به‌سه‌ر زولم وسته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ و دیكتاتۆرییه‌تدا راگە‌یەنرا، له‌م رۆژه‌دا‌ گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو دونیای راگه‌یاند داگیركاری و ژێرده‌سته‌یی قبوڵناكات و هه‌ر كاتێ ده‌رفه‌ت له‌باربێت راپه‌ڕین و شۆڕش ده‌كات و كوردستان ده‌كاته‌ گۆڕستانی نۆكه‌ران و دوژمنان.

  ئه‌مساڵ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پێشهات‌ و گۆڕانگاريدان، به‌تايبه‌ت گۆڕينى رژێمى به‌عس له ‌سوريا و بانگه‌واز و هه‌وڵه‌كانى ئاشتى ‌نێوان كورد و توركيا، له‌لایه‌كی دیكه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ كێشه‌ دروستكردن بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان و جێبەجێکردنى سیاسه‌تی برسیكردنی مووچه‌خۆرانی كوردستان و درێژەدان بە سیاسەتى به‌عه‌ره‌بكردن، ئه‌م ره‌فتارانه‌ى حكومه‌تى عێراق له‌ دژی كوردستان ناده‌ستوورین‌ و هه‌موویان بريارى سیاسین، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات ده‌سه‌ڵاتی سياسیى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سايسييه‌كان و بە پشتبه‌ستن به‌جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرى كوردستان، بە یەکدەنگى و یه‌كهه‌ڵوێستی کار بۆ چاره‌سه‌ركردنى کێشەکان و ده‌ربازكردنی ئه‌م بارودۆخه‌ بكه‌ین و پەلە بکەین لە پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هەرێمى كوردستان له‌ نزيكترين كاتدا، ئەمەش دەبێتە باشترین وه‌ڵام بۆ پیلانەکانى دوژمنان و داگیركه‌ران.

  له‌یادی راپه‌ڕینی مه‌زن و شكۆداردا پیرۆزبایی له ‌خۆمان جه‌ماوه‌ر و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییەكانی كوردستان ده‌كه‌ین و خوازیارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ هه‌وێنی یه‌كگوتاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆتایی به‌ كێشه‌ و گرفته‌كان بهێنن و به‌هه‌موو لایه‌كمان نێوماڵی كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه و بەهەمان گیانی به‌رخۆدانی راپەڕینى ساڵی 1991 به‌ره‌نگاری دوژمنانمان ببینه‌وه‌ و ئه‌زموونه‌كه‌مان بپارێزین، به‌تایبه‌ت له‌كاتی ئێستادا کە دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ‌ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كوردستان و له‌باربردنی ئه‌زموون و حوكمڕانییه‌كه‌ی، له‌هه‌‌مان كاتدا پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و مووچه‌خۆران و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خانه‌نشینان و تەواوى خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه‌‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆی و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانیان به‌شێوه‌يه‌كى گشتى.  

 - نەمری و سه‌ربه‌رزی بۆ شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.

 - مردن و رووڕه‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

 

                        مه‌كته‌بی سیاسیی

                              یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

                           14ی ره‌شه‌مێی 2724ى كوردی

                          5ی ئاداری 2025ى زایینی