میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٩ / ١٢ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمى یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، پێشوازیانكرد لە بەڕێز (سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى کوردستان كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روویانداوەو روودەدەن و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لەم پێناوەشدا هەردوو لا جەختیان لەوە کردەوە کەوا پێویستە لە زووترین کاتدا کابینەى دەیەمى حکومەتى کوردستان پێکبهێنرێت، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس رووخانى رژێمى سوریا و دەستدرێژییەکانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لەو مەترسییانە پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشە رێگایەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان بە یەک شاندى یەکگرتوو بچنە شام بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتى راگوزەرى سوریا بۆ وەدەستهێنانى مافە رەواکانى گەلەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.