چوار لایەنى سیاسیى کوردستان جەخت لە یەکڕیزى و یەکدەنگى دەکەنەوە

كانون1/ديسمبر 11, 2024
میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١١ی ١٢ى ٢٠٢٤، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەى سۆسیالیستى کوردستان، لە شاری هەولێر، بە ئادەبوونى بەڕێزان (عەبدوڵڵاى حاجى مەحموود سەرۆکى بزووتنەوەى سۆسیالیستى کوردستان و غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتيی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK و نەجات عومەر ئاغا سورچى سەرۆکى پارتى پارێزگارانى کوردستان و باپیر کامەلا سکرتێرى گشتى پارتى رەنجدەرانى کوردستان) کۆبوونەوەى چوارقۆڵى هەر چوار لایەنى سیاسى ئەنجامدرا
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و، بەتایبەت گۆڕانگارییەکانى سوریاو کاریگەرییان بۆ سەر باشوورى کوردستان و عێراق گفتوگۆیان کرد، بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارى و پێشهاتانەى روویانداوەو روودەدەن، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلی كوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەر چوار لایەنى سیاسى جەختیانکردەوە سەر پتەوکردن و پێشخستنى پەیوەندى برایانەى نێوانیان و، لەم پێناوەشدا بڕیاریاندا کەوا درێژە بە کارو خەباتى هاوبەشى نێوانیان بدەن.