میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٧ / ٧ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له شاندى باڵاى DEM Partî كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەكتەبی سیاسی و شاکر هاشم ساڵح ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و سەردار خدر ئەندامى یەدەگى کۆمیتەى سەرکردایەتى و جەلال سمایل كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان DEM Partîکە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (پارێزەر ئایشە ئاجار باشاران جێگرى هاوسەرۆک و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسایی و وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی DEM Partî و نوێنەری بزووتنەوەی ژنانی ئازاد TJA لە ئەوروپا و، پەرلەمانتار نەورۆز ئویسال ئەندامى پەرلەمانى تورکیا و ئەندام لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی تورکیا و، پەرلەمانتار گورجان کاچماز سای ییغیت ئەندامى پەرلەمانى تورکیا و، حیکمەت خەتیب و سدقى واکار ئەندامانى مەکتەبى پەیوەندییەکانى DEM Partî )، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە دەستدرێژییەکانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لەو مەترسییانە پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشە رێگایەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەر لە دیدارەكەدا جێگرى هاوسەرۆکى DEM Partî سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
شایانى باسە دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەکە ؛ سکرتێرى گشتیى YNDK و سەرۆکى شاندى DEM Partî بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن قسەیانکردو سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەو رەوشى سیاسیى کوردستان روانینی خۆیان خستەڕوو.