فەخرەددین زیارەتى نوێنەرى YNDK لە (22)ەمین جڤاتى گشتیی KNK لە هۆڵەندا: بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەتى كوردستان رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت

نيسان/أبريل 20, 2024

میدیا - هۆڵەندا:

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى ٢٠ / ٤ / ٢٠٢٤، نوێنەرى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (22)ەمین (جڤاتى گشتیى KNK) بوو، کە لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و هەر سێ رۆژانى ٢٠ و ٢١ ى ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و، وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى خوێندەوەو داواى لە هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کرد هاوکارى یەکدى بن و کار بۆ یەکڕیزى و یەکێتى نەتەوەیى بکەن.

 فەخرەددین زیارەتى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و نوێنەرى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە ئەوروپا، بە نوێنەرایەتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (22)ەمین (جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK) بوو، کە لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، نوێنەرى YNDK، لە کۆنگرەکەدا وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى پێشکەشکردو تیشکى خستەسەر رەوشى سیاسیى کوردستان و هەڕەشەو پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و، داوایکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى داگیرکەران تەواوى هێزە سیاسییەکان و گەلى کوردستان یەکڕیزبن و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و، وتى: (بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و سەرەڕاى سەختى قۆناخەکە کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین.)، هەروەها زیارەتى جەختیکردەوە سەر کارکردن بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد و، وتى: (پێویسە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.). ... ئەمەش دەقی وتارەکەیە:

 

پەیامى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

بۆ (22)ەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK

 

 - به‌ڕێزان هاوسەرۆکانى كۆنگره‌ی نەتەوەیى کوردستان KNK

- به‌ڕێزان ئه‌ندامانی (22)ەمین جڤاتى گشتیى KNK

- بەڕێزان نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان

- خوشكان ....برایان ... میوانانی خۆشه‌ویست

   سڵاوی سه‌رخۆبوون و ئازادیتان لێبێت....

 بەناوی سکرتێرى گشتی و مەکتەبى سیاسى و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی بەستنی (22)ەمین جڤاتى گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

 بێگومان به‌ستنی (22)ەمین جڤاتى گشتیى KNK لەم کاتەدا رووداوێكی گرنگ و مێژووییه‌، لەبەرئەوەى له ‌كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا ده‌به‌سترێ كه ‌كوردستان و ناوچه‌كه لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردان و‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری گه‌وره‌دان، بۆ ئەوەى به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ دیالۆگ و له‌یه‌كگه‌یشتن و قسه‌و باس له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ین كه ‌په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان و خاكه‌كه‌یەوە هەیە، ده‌بێ راشكاوانه‌ كێماسییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌.

 

  خوشکان ... برایان ...

 ئه‌مڕۆ كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی به ‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌بن، به‌تایبه‌ت ئێستا کەوا رژێمى داگیرکەرى تورکیا بە شێوەیەکى نامرۆڤانە بەردەوامە لە دەستدرێژى و موشەکبارانکردن بۆ سەر باشوورو رۆژئاواى کوردستان و زۆر دڕندانە لە رێى موشەکبارانەوە رۆژانە تێکۆشەران شەهید دەکەن و ژێرخانى وڵاتمان وێران دەکەن و، لەلایەکى دیکەوە شه‌ڕێكی قورس له‌ باكوورو رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ رژێمی توركیا هه‌یه‌، پێویسته‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ پشتگیری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه سیاسییە‌كانى کوردستان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌ستكه‌وته‌كانى گەلەکەمان لە باشوور و رۆژئاوا‌ بپارێزین و پاڵپشتی له‌ باشوورو رۆژئاوای كوردستان و دەستکەوتەکانى بكه‌ین کە بەشێکن له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌و رژێمى داگیرکەرى ئێران بەردەوامە لە كپكردنی ده‌نگی ناڕەزایى خەڵک و گواستنەوەى کێشەکانى بۆ دەرەوەى سنوور، رژێمی ئێران لە ماوەى رابردوودا بێ بەهانە چەند جارێک هەولێرى موشەکباران کرد، بێگومان ئەوەش دژایەتى راستەوخۆى رژێمى ئێرانە بۆ باشوورى کوردستان، سەرەڕاى ئەمانە ره‌شبگیری له‌ناوچه‌کانى رۆژهەڵاتى كوردستان به‌رده‌وامه‌ و رۆژانه‌ ده‌یان لاوی كورد بە فیشەکى پاسداران و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و په‌تی سیداره‌ی رژێمى ئێران لە سێدارە دەدرێن و شه‌هید ده‌كرێن.

 له‌ باشووری كوردستانیش تا ئێستا مەترسى شەڕى تیرۆریستانى داعش ماوە، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئەوەى کەوا باشوورى کوردستان لە کۆمەڵێ تەنگژەو قەیراندایە لە سەرووى هەموویانەوە قەیرانى ئابوورى و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی كوردستان و عێراق و نەبوونى عەدالەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى، هەروەها ناوەندى سیاسیى لێکترازاوو پەرش و بڵاوەو راوێژى سیاسیى وەک پێویست نەماوە، ئەوانە هەموویان پێویستیان بە چارەسەرێکى بەپەلە هەیە، لەهەمان کاتدا قەیرانى سیاسى و ناکۆکى نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى دەسەڵات تا رادەیەک بۆتە هۆى نیگەرانى خەڵکى کوردستان، ئەم کیشە و گرفتانەى نێوان لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە چارەسەرى خێرا هەیە.

 - خوشکانى ئازیز ... برایانى بەڕێز ...

  ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كوردستان كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌ر به‌شێك لەلایەک و، له‌ لایه‌كی دیكه‌وە کێشە لە نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کەوا هه‌نگاو بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و بەستنى كۆنگره‌یەکی نه‌ته‌وه‌یی کە هەموو لایەک تێیدا بەشداربن سست بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە و، ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، بۆیه‌ پێویستە تەواوى لایەنە سیاسییەکان رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و، هەموومان بگەڕێینەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و رزگاربوونمان لە قەیرانەکان، ‌بۆ ئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى باشوورو رۆژئاواى کوردستان بپارێزین و پێشیانبخەین و، خەباتى رۆژهەڵات و باکوورى کوردستانیش سەربخەین، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکتربین.

 بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارانه‌و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاوبگرین و سەرەڕاى سەختى قۆناخەکە کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، لەبەرئەوەى بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له‌ یه‌كتری نزیکبین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا ؛ هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، بێگومان ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان ‌و, داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر بەشێکى كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی بەشەکانى كوردستان بكرێت, لەسەر هەموو لایەكمانە لەپێناو ئەم ئامانجەدا كاربكەین ‌و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

  ئامادەبووانى بەڕێز ... وڵاتپارێزان ..

  ئێمە له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK وەك هەمیشە و جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا بۆ پاراستنى ئەزموونى باشوورى کوردستان و  خەبات و بەرخودانى باکوور و رۆژئاواو رۆژهەڵاتى كوردستان رادەگەیەنين، لەهەمان کاتدا هێرش و دەستدرێژى داگیرکەران بۆ سەر گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین.

 لەكۆتاییدا جارێكی دیکە هیوای سەركەوتن بۆ ئەم جڤاتە دەخوازین و، ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی ئه‌م جڤاتە سه‌ركه‌وتووانه‌ ئامانجەکانی خۆی بپێكی له‌ كۆكردنه‌وه‌مان له‌ ژێر یه‌ك چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی كوردستانیدا.

- نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.

 - مردن و روو ره‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

 - بێته‌ دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.

 

 

مه‌كته‌بی سیاسیی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

20 / 04 / 2024 هەولێر - باشوورى کوردستان