بەرز و پیرۆزبێت 12 ئادار ..
رۆژی راپەڕینی خەڵکی مەخموورو.(33)ەمین ساڵیادی ئازادیی مەخموور .
(33) ساڵ بەر لەئەمڕۆ و لە بەرەبەیانی (12)ی ئاداری ساڵی 1991دا، خەڵکی مەخموور هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان راپەڕین، و بەماوەیەکی کەم توانرا مەخموور لەتەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعس پاک بکرێتەوە.
راپەڕینی (12) ی ئادار گەواهیدەری ئەو راستییەبوو کە سەرسەخترین رژێمی دیکتاتۆرو داگیرکەر نەیتوانی بەسیاسەتەکانی (بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن و راگواستنی زۆرەملێ و ئەنفال)، سیمای کوردستانی مەخموور بسڕێتەوەو لەدەرفەتێکدا خەڵک و پێشمەرگەی مەخموور چۆکیان بەرژێمدا دا.
هاوشاریانی ئازیزو خۆڕاگری مەخموور، ئێمە لەکاتێکدا ئەم یادە پیرۆزە دەکەینەوە، سنووری کارگێڕی ناوچەکە دوولەت بووە، بەشێکی پێشمەرگەی کوردستان پارێزگاری لێ دەکات و ئەویتری سوپای عێراق تێیدا باڵا دەستە، لەلایەکی تریشدا بەهۆی پەرتەوازەیی هێزولایەنەسیاسییەکانی کوردستان و نەبوونی یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا، هەرێمی کوردستان بەرەوشێکی هەستیارو نەخوازراودا تێدەپەڕێت، کە لەهەموو لایەک دەخوازێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بەزووترین کات ئەنجومەنێکی سیاسی پێکبهێنرێت، کە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت و بڕیاری چارەنووسسازو پێویست وەربگیرێت، و هەموان لەخەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بن و کار بکرێت بۆ دەستووری کوردستان و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی وڵاتانی داگیرکەرو و ناحەزانی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان .
بەم بۆنەیەوە ئێمە لەهەرێمی قەرەچووغی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی مەخموورو دەوروبەری دەکەین، درودو سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی ئازادیی مەخموور و تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان .
هەرێمی قەرەچووغی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
مەخموور- 12 ی ئاداری 2024