غەفوور مەخموورى لە پەیامێکیدا بۆ یەکەمین کۆنگرەى پارتى دیموکراتى تورکمان: * ئەڕکى هەموو لایەكمان كار بۆ یەكڕیزی و یەکدەنگى بكەین، بەهێزیمان لە یەکڕیزیماندایە *

كانون1/ديسمبر 21, 2023

میدیا - هەولێر :

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز دڵشاد چاوشلى سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمان و ئەندامانی یەکەمین كۆنگرەى پارتەکەیان کردووەو بەبۆنەى بەستنى یەکەمین کۆنگرەى پارتى دیموکراتى تورکمان و پیرۆزبایى لێکردوون و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستوون، هەر لە پەیامەکەیدا مەخموورى جەختیکردۆتەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆ کارکردن لەپێناو پاراستنى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان و زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان لە کوردستاندا. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

براى بەڕێز کاک دڵشاد چاوشلى سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمان

بەڕێزان لێژنەی ئامادەكاری یەکەمین كۆنگرەی پارتى دیموکراتى تورکمان

بەڕێزان ئەندامانی یەکەمین كۆنگرەی پارتى دیموکراتى تورکمان

سڵاوێکى برایانەى گەرم ...

بەڕێزان ؛ بەبۆنەی بەستنی یەکەمین كۆنگرەی پارتە تێكۆشەرەكەتان پارتى دیموكراتی تورکمان، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنگرەیەتان ببێتە خاڵی وەرچەرخان و پێشڤەچوونى زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانییەوە.

بەڕێزان ئەندامانى کۆنگرە ... كۆنگرەكەتان لە كاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و ئاڵۆزو هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، بۆ پێشوازیکردن لە ئەگەرو پێشهاتەکان لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە كار بۆ یەكڕیزی و یەکدەنگى بكەین، بێگومان هێزى هەموو لایەکمان لە یەکڕیزیماندایە، یەکڕیزیمان دەمانکاتە ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و بەمەش دەتوانین بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان بكەین.

خوشکان ... برایان ... بەشدارى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانى کوردستان لە پرۆسەى سیاسیى کوردستاندا وێنەیەکى جوانى سەردەمییانە نیشاندەدات، بەشدارى خوشک و برایانى (تورکمان) لە پرۆسەى سیاسى و دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان، وێنەیەکى جوانى سەردەمییانەیە، پێویستە ئەو خوشک و برایانەمان گوزارشت لە ویست و خواستى پێکهاتەکانیان بکەن و لە هەڵبژاردنى نوێنەرەکان خاوەن ئیرادەو بڕیارى خۆیان بن، کوردستان شوێنى هەموو رەنگ و روانینێکە و، بۆتە مێرگى پێکەوەژیان، ئەمەش وایکردووە، هەموو لایەکمان شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان بکەین، بێگومان ئەگەر بوارى زیاترمان بۆ بڕەخسێت دەتوانین لە ئێستاو داهاتوودا لە بینیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەردەمیانەو مۆدێرن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا رۆڵێکى مەزن بگێڕین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان کار بۆ پاراستنى قەوارەى سیاسى و دەستوورى هەرێمى کوردستان و زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان بکەین.

لەكۆتاییدا دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانییەوە بۆ گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان. ... لەگەڵ رێزماندا.

هەمیشە تەندروست و شاد و سەرکەوتووبن.

 

 

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

21 / 12 / 2023