پرسی سەربەخۆیی له‌ شه‌شه‌م كۆنگرەی YNDK

تشرين2/نوفمبر 07, 2023

شاخه‌وان خالید

پرسی سەربەخۆیی كوردستان، یەكێكە لە مەسەلە هەرە گرنگەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی كورد یەكێكە لە نەتەوە هەرە دێرینەكانی ئەم ناوچەیەو، تا ئێستا خاوەنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، هەموو نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین خاوەنی دەوڵەتن، كەچی نەتەوەكەمان بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندی زلهێزان و پیلانه‌ ئه‌قلیمییه‌كان چەندین جار دابەشكرایە سەر نەتەوە سەردەستەكانی عەرەب و فارس و تورك و بەچەند دەوڵەتێكەوە لكێندرا، كورد چەندین هەلی بۆ گونجا لە بارترین هەل لە پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920 بوو كە تیایدا كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لە پاش ساڵێك خۆ بەڕێوەبردنی خۆجێیی وەكو نەتەوەكانی دیكە كە لە پاش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوونە، خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و پاشان لە ساڵی 1923 بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە، سیڤەر لە باربردراو جارێكی دیكە خەونی دەوڵەتی كوردی لە گۆڕنرا، پاشان چەندین هەلی دیكە هاتنە پێشەوە هه‌ندێ له‌و هه‌لانه‌ دوو هه‌لی دیكه‌ له‌باشووری كوردستان ڕاپەڕینی ساڵی 1991، رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 كەچی نەمانتوانی سوود لەم دەرفەتە زێڕینانه‌ ببینین.

ئەوەی گرنگ و پێویستە لە شه‌شه‌م كۆنگرەی YNDK پرسی سەربەخۆیی كوردستان، پانتاییەكی زۆری پێبدرێ و ئەم مەسەلەیە بە وردی شەن و كەو بكەین، لەبەر ئەوەی ئەم مەسەلەیە بۆ ئێمە لە هەموو پرسێكی دیكە گرنگترە، پێویستە كۆنگرەی ئه‌مجاره‌ی YNDK زۆر بەگرنگییەوە قسە لەسەر سەربەخۆیی بكات، لەبەر ئەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەكە دروست بووە، هەوڵبدەین بیقۆزینەوە، بە تایبەت ئێستا حكومه‌تی عێراقی ئەم هەموو پێشێلكارییەی دەرهەق بە گەلی كوردستان دەیكات و بەپێی دەستوور ئەگەر عێراق هەموو داخوازییەكانی كوردستان بەجێ نەگەیەنێ، ئەوا گەلی كوردستان بۆی هەیە لەم كۆمارە ئیختیارییە بكشێتەوە، بۆیە پێویستە ئەندامانی شه‌شه‌م كۆنگرەی YNDK بەهەستیارییەوە هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە بكات و هەنگاو بەرەو كوردستانێكی سەربەخۆ بنێین، بۆیە هەنگاوی داهاتوومان داوای بڕیاری بوێرانەمان لێدەكات.

 

وێنه‌كان: ئه‌رشیفی میدیا