سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن پیرۆز دەكات

تشرين1/أكتوير 31, 2023

میدیا - هەولێر :

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز رۆمیۆ هەکارى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن کردو بەبۆنەى ٤٧ چل و حەفتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبەکەیانەوە پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

برای بەڕێز و خۆشەویستمان كاك رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن

بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن

سڵاوێكی برایانەی گەرم ...

بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (47) چل و حەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان (حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن)، گەرمترین سڵاو و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى ئەندام و لایەنگرانى حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین و، بێگومان حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لە داکۆکیکردن لە مافە رەواکانى ئاشوورییەکانى کوردستان و عێراق و، لەهەمان کاتدا بەردەوام هەوڵیداوە کەوا گیانى پێکەوەژیان و برایەتى لەنێو پێکهاتەکانى کوردستاندا قوڵبکاتەوە، هەروەها لە پرسە نیشتمانییەکانى کوردستاندا خاوەن هەڵوێست و روانینى خۆى بووە، هیوادارین درێژە بەو سیاسەتە دروست و نیشتمانییەى خۆتان بدەن و زیاتر گەشەى پێبدەن.

هەر لەم بۆنەیەدا ؛ وێڕاى پیرۆزبایى دووبارەمان، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی گەلى کوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، بێگومان ئەمەش بە هاوكاری و كاركردنی هەموو لایەكمان بۆ گەیشتن بە ئازادى و سەربەخۆیی كوردستان دەبێت، لەبەرئەوەی سەربەخۆیی كوردستان زامنی وەدەستهێنان و پاراستنی مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانی هەموو نەتەوەكانی كوردستانە.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا ... هەر بژین و شاد و سەركەوتووبن.

براتان

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

1 / 11 / 2023