غەفوور مەخموورى بۆ رادیۆى فەرمى ئوردەن : کوردستان بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە کەوا پەیوەندییەکى هاوسەنگ و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان و گەلانى ناوچەکەو جیهان بنیات بنێت

میدیا - عەمان :

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆى فەرمى ئوردەن (الاذاعة الأردنية) باسى لە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و، وتى کوردستان بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە کەوا پەیوەندییەکى هاوسەنگ و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان و گەلانى ناوچەکە بنیات بنێت.

پێشنیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە رێکەوتى 14 / 5 / 2023، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لەلایەن راگەیاندنکارى ناسراوى ئوردەن (حەمادە فەراعنە) بۆ بەرنامەى (اللقاء المفتوح)ى رادیۆى ئوردەن میواندارى کرا و، لە گفتوگۆیەکى فراوان سەبارەت بە رەوشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە تیشکى خستە سەر دوا گۆڕانکارى و پێشهاتە سیاسییەکان و، سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان وتى: (هەوڵى زۆر هەیە بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکان و چارەسەرکردنى کیشەکانى نێوان بەشیک لە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان رۆژى 11 / 5 / 2023 لە رێوڕەسمى کردنەوەى (مۆزەخانەى نیشتمانى بارزانى نەمر) پەیامێکى ئاراستەى لایەن سیاسییەکانى کوردستان کردو داواى کرد کەوا بەزووترین کات لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کۆببنەوەو کێشەکانى نیوانیان چارەسەر بکەن، ئامادەیی خۆیشی نیشاندا ئەوەی لەتوانایدا بێت هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن و دۆخی سیاسیی کوردستان باشتر بکرێت، بێگومان زۆر جار کیشە لە نیوان لایەنە سیاسییەکان هەبووەو گەمارۆى دیبلۆماسى خراوەتە سەر کوردستان، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان و سیاسەتى حەکیمانەى سەرۆک مەسعود بارزانى کێشەکان چارەسەر کراون و گەمارۆ دبلۆماسییەکانى سەر کوردستان تێکشێنراون، ئەمەش وایکردووە کوردستان وەک وێستگەیەکى دیبلۆماسى گرنگ بمێنیتەوەو وڵاتان بە بایەخەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکەن.).

مەخموورى سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغدا بۆ رادیۆى ئوردەن وتى : (لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر هەندێ پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوەو شێوەیەک لە تێگەیشتن هەیە، لە مانگى رابردوودا حکومەتى عێراق 200 میار دینارى بۆ حکومەتى کوردستان نارد، ئەو مانگەش 400 ملیار دینارى نارد ئەمەش هاوکار بوو بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى کەوا لە بودجە مانگانەى حکومەتى کوردستان هەیە بە تایبەت لە بوارى پێدانى مووچەى فەرمانبەران، هەوڵەکانیش بەردەوامن کەوا پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا ئاساییبکرێنەوە، ئەمەش خواستى حکومەتى کوردستان بووەو لەم رووەوە هەموو ئیلتیزاماتێکى خۆى بەرامبەر حکومەتى فیدرالى عێراق بەجێهێناوە.).

لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى، تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەو جیهان و، وتى : (لە رووى دیپلۆماسییەوە کوردستان پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەو بەشێکى زۆرى وڵاتانى جیهان هەیە و، کوردستان بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە کەوا پەیوەندییەکى هاوسەنگ و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان و گەلانى ناوچەکە و جیهان بنیات بنێت).

لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانى ئوردەن و کوردستان و، سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان ئوردەن و کوردستان وتى : (گەلى کوردستان هەمیشە بە چاوى رێزەوە دەڕوانێتە گەلى ئوردەن و، هەڵوێستى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و حکومەتى ئوردەن بەرامبەر گەلى کوردستان جێگەى رێزن، دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانى ئوردەن و کوردستان نموونەیین، پەیوەندییەکانى نێوان ئوردەن و کوردستان مێژوویین و لە باڵاترین ئاستدان، کوردستان خوازیارە ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.).

لە تەوەرێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى تیشکى خستە سەر رەوشى ئاسایش و ئارامى کوردستان و وتى: : (هێزەکانى ئاسایش و پۆلیش و پێشمەرگەى کوردستان لەماوەى رابردوودا و تا ئێستاش سەرکەوتووانە پارێزگارییان لە هێمنى و ئاسایشى کوردستان کردووە، ئەو ئارامییەى لە کوردستان هەیە وایکردووە کەوا پارێزگاکانى دیکەى عێراق خۆزگەى پێ بخوازن، ئەمەش وایکردووە هەولێر و کوردستان ببنە وارگەیەکى ئارام بۆ کوردستانییان و تەواوى عێراقییەکان.).

شایانى باسە چاوپێکەوتنەکە یەک کاتژمێرى خایاند و مەخموورى سەبارەت بە چەندین و پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە رەوشى کوردستان و عێراق روانینى خۆى خستەڕوو.