غەفوور مەخموورى لە سێ دیدارى جیادا لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى ئەعیان و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرۆکى ناوەندى کاسۆلیکى ئوردەن کۆدەبێتەوە

شباط/فبراير 25, 2020

غەفوور مەخموورى : کوردستان نمونەیەکى جوانى پێکەوەژیانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، هەموو نەتەوەو ئاینەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى و بڕیارى سیاسیدا.

میدیا - عەمان :
ڕۆژانى 18 و 19 و 22 / 2 / 2020، غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی YNDK لە عەمانى پایتەختى ئوردەن لە سێ دیدارى جیا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکى ئەنجوومەنى ئەعیانى ئوردەن و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئوردەن و سەرۆکى ناوەندى کاسۆلیکى ئوردەن باسیان لە رەوشى سیاسى کوردستان ناوچەکە و پەیوەندى نێوان هەردوولا کرد.
ڕۆژى 18 / 2 / 2020، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە عەمانى پایتەختى ئوردەن سەردانی ئەنجوومەنى ئەعیانى ئوردەن-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (فەیسەڵ فایز سەرۆکى ئەنجوومەنى ئەعیانى ئوردەن و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەن)ەوە پێشوازیكرا و، رۆژى 19 / 2 / 2020 سەردانى ئەنجوومەنى نوینەرانى ئوردەنى کرد و لەلایەن بەڕێزان (دکتۆر نەسار قەیسى سەرۆکى ئەنجوومەن بە وەکالەت و جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئوردەن و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەن)ەوە پێشوازیكرا و، هەروەها رۆژى 22 / 2 / 2020 سەردانى ناوەندى کاسۆلیکى ئوردەنى کردو لەلایەن بەڕێزان (مەتران د. رەفعەت بەدر سەرۆکى ناوەند و ژمارەیەک لە ئەندامانى ناوەند)ەوە پێشوازیكرا، لە هەرسێ دیداردا باس لە رەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو، جەختكرایەوە سەر راوێژو دیالۆگ لەنێوان گەلانى ناوچەکەدا لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوە، لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكاندا باس لە پتەوکردن و پێشخستى پەیوەندى لەمێژینەى نێوان ئوردەن و کوردستان کرا.
هەروەها مەخموورى ؛ لە دیدارەکاندا پوختەیەکى سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و گیانى بەیەکەوەبوون و پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکانى کوردستان و رۆلیان لە پرۆسەى سیاسى کوردستان خستەڕوو، وتى کوردستان نمونەیەکى جوانى پێکەوەژیانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، هەموو نەتەوەو ئاینەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى و بڕیارى سیاسیدا، هەروەها باسى لە پێشڤەچوونەکانى کوردستان لە بوارى سیاسى و دیپلۆماسى و تەناهى و چاکسازییە ئیدارییەکان کرد و، وتى لە ساڵانى رابردوودا لە شەڕى تیرۆردا سەرکەوتین، ئێستاش کوردستان شەڕى دژى گەندەڵى دەستپێکردووە، بۆئەوەى نمونەیەکى زیندوو و شەفافى حوکمدارى نیشانى هەموو لایەک بدات.