سكرتێری گشتیی YNDK سەردانى ناوەندى کاسۆلیکى بۆ لێکۆڵینەوەو راگەیاندن دەكات

شباط/فبراير 23, 2020

میدیا - عەمان:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 22 / 2 / 2020، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی ناوەندى کاسۆلیکى بۆ لێکۆڵینەوەو راگەیاندن-ى كردو، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکى ناوەندەکە باسیان لە رەوشى سیاسى کوردستان و ناوچەکە و پەیوەندى نێوان هەردوولا کرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە عەمانى پایتەختى ئوردەن سەردانی ناوەندى کاسۆلیکى بۆ لێکۆڵینەوەو راگەیاندن-ى كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (د. رەفعەت بەدر سەرۆکى ناوەند و ژمارەیەک لە ئەندامانى ناوەند)ەوە پێشوازیكرا، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرا و، جەختكرایەوە سەر راوێژو دیالۆگ لە نێوان گەلانى ناوچەکە سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوە، لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندى لەمێژینەى نێوان ئوردەن و کوردستان کرا.
هەروەها مەخموورى ؛ لە دیدارەکەدا پوختەیەکى سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و گیانى بەیەکەوەبوون و پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکانى کوردستان رۆلیان لە پرۆسەى سیاسى کوردستان خستەڕوو، وتى کوردستان نمونەیەکى جوانى پیکەوەژیانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، هەموو نەتەوەو ئاینەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى و بڕیارى سیاسیدا، هەروەها باسى لە پێشڤەچوونەکانى کوردستان لە بوارى سیاسى و دیپلۆماسى و تەناهى و چاکسازییە ئیدارییەکان کرد و، وتى لە ساڵانى رابردوودا لە شەڕى تیرۆردا سەرکەوتین، ئێستاش شەڕى دژى گەندەڵى دەستیپێکردووە، بۆئەوەى نمونەیەکى زیندوو و شەفافى حوکمدارى نیشانى هەموو لایەک بدەین.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنى پەیوەندی نێوان هەردوولا .