لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی چی ڕوودەدات؟

تشرين2/نوفمبر 30, 2019

سه‌رچاوه‌: خەڵك- بەشی هەواڵ
پسپۆڕێكی یاسایی باس لە قۆناغی دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و دەڵێت، دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت پێویست بە ڕەزامەندی پەرلەمان ناكات.

تارق حەرب، پسپۆڕی یاسایی عیراقی، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق، ڕایگەیاندووە”دەستلەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمان نییە، چونكە لە ڕێكەوتی ڕاگەیاندنییەوە كارپێكراوە”.

بە وتەی حەرب”حكومەتی ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی بووە حكومەتی كاربەڕێكەر، ناوی كاندیدی نوێش بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، لەماوەی 15 ڕۆژدا لە وادەی كاندیدكردنەكەوە، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ڕادەسپێردرێت”.

عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی، بە هەمان شێوە لەبارەی قۆناغی پاش دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی ڕایگەیاندبوو،”سەرۆك وەزیران دەبێت نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكات، سەرۆك كۆماریش بۆی هەیە ڕاستەوخۆ پەسەندی بكات، یان دوای بخات تا ئەو كاتەی هۆكارەكانی دەزانێت، ئەمەش دەبێت لە ماوەیەكی شیاودا بێت”.

تەمیمی دەڵێت”گەر سەرۆك كۆمار ڕەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكە دەربڕی، حكومەت هەمووی بە حكومەتی دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت، بۆ ماوەی 30 ڕۆ كاربەڕێكەر دەبێت، تا ئەو كاتەی سەرۆك كۆمار بەپێی ماددەی 76ی دەستور، كاندیدێكی تر ڕادەسپێرێت”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، بەپێی ماددەی 81ی دەستور، وێڕای پۆستەكەی خۆی، پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پڕدەكاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دوای نزیكەی دوو مانگ لە خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق كە تێیدا زیاتر لە 400 كەس كوژران و نزیكەی 15 هەزار كەسی تر برینداربوون، خواستی خۆی بۆ پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی ڕاگەیاند.