هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەو مووچە رێككەوتن

تشرين2/نوفمبر 26, 2019

رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 ئەنجامدرا، بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی ئەنجامبدەن.

 ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی تشرینی دووەم، شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لیژنەی ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە نووری دلێمی، وەزیر پلاندانانی عێراق رایگەیاند “رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوەو لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەولێر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات. هەفتەی داهاتووش دیداری دیکە ئەنجامدەدرێت بۆ تەواوکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە”. سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی. لەلایەنی حکومەتی فیدراڵی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی کە هاوکات وەزیری داراییە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کە هاوکات وەزیری نەوتە و بەڕێز پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەی بوون. هەموو خاڵە سەرەکییەکان باسکران کە یاسای بودجەی فیدراڵی 2020 لەسەریان بونیاد دەنرێت، یەکێک لەخاڵە گرنگەکان رێكکەوتنی نەوتییە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان. ئێستا رێککەوتنی مەبدەئی کراوە و پێموایە پشتیوان بەخوا رێککەوتنی کۆتاییە، کە لە سەر ئەو بنچینەیە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە 1/1/2020ەوە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی -سۆمۆ دەکات بۆئەوەی لە بەندەری جەیهانەوە لە تورکیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەناردەی بکات”. بە گوتەی غەزبان، “لە بەرامبەردا بودجە هەیە و ئامادەدەکرێت کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بەشداری دەکەن و هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کۆدەبنەوە، بەو هیوای پرۆژەیاسای بوجە تەواو بکەن تاوەکو  بە داڕشتنی نیمچە کۆتایی رادەستی سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و بکرێتە یاسای بودجەی 2020”.
 رۆژی 23-11-2019 شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد كە پێكهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، خالید شوانی وەزیری هەرێم و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. دواتر لە رۆژی 24-11-2019 شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوە.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری په‌یامنێر