به‌رز و شكۆدار بێت يادى راپه‌ڕينه‌ مه‌زنه‌كه‌ى به‌هارى ساڵى 1991ى باشوورى كوردستان

 

     - جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرى كوردستان ...                  

     - كه‌سوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شه‌هیدانی كوردستان ...

    - حزب و لایه‌نه‌ سیاسییەکان و رێكخراوه‌كانی كوردستان...

    ئه‌مڕۆ یادی (35) ساڵه‌ی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی 5ی ئاداری ساڵی 1991ى باشوورى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌م رۆژه‌ مێژووییەدا، جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستان له‌ رانیه‌وه‌ ده‌ستی به‌ ڕاپه‌ڕین كرد، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا گڕى راپه‌ڕین هه‌موو شار و شارۆچكه‌‌کانى باشووری كوردستانی گرته‌وە، به‌هۆيه‌وه‌ كوردستان له‌ به‌عسییه‌‌كان پاككرایه‌وه‌‌ و مژده‌ی ئازادی و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان به‌سه‌ر زولم و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ و دیكتاتۆرییه‌تى به‌عسدا راگە‌یەنرا، له‌م رۆژه‌دا‌ گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو دونیای راگه‌یاند کەوا داگیركاری و ژێرده‌سته‌یی قبوڵناكات و هه‌ر كاتێ ده‌رفه‌ت له‌باربێت راپه‌ڕین و شۆڕش ده‌كات و كوردستان ده‌كاته‌ گۆڕستانی داگيركه‌ران و دوژمنان.

  ئه‌مساڵ یادی راپەڕین له‌ قۆناغێكى هه‌ستياردا دەکەینەوە، كه‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك گۆڕانگاريدان، شه‌ڕى ئه‌مريكا و ئيسڕائيل له‌گه‌ڵ ئێران و شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا و گۆڕانکاری دیکەی ناوچەکە هاوکێشەی هێز دەگۆڕن،  لەو گۆڕانکارییانەدا کورد بێ رۆڵ نابن، به‌تايبه‌ت لەم کاتەدا دوای گۆڕانکارییەکانی رۆژئاوای کوردستان و بانگه‌واز و هه‌وڵه‌كانى ئاشتى ‌نێوان باکووری کوردستان و توركيا، لێک نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانە هەموو وا دەکەن کەوا کورد ژمارەیەک بەهێزبێت لەنێو هاوکێشە سیاسییەکانی ناچەکەدا، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕیزی بکەین و بەهاری ئەمساڵ بکەینە بەهاری کوردان.

 سەرەڕای ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانە، حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ كێشه‌ دروستكردن بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م سياسه‌تانه‌ى حكومه‌تى عێراق له‌ دژی كوردستان هه‌موویان بريارى سیاسین و نادەستوورین، له‌لايه‌كى ديكه‌وه‌ میلیشیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌رده‌وام به‌دڕۆن ژێرخان و بنكه‌ و پێگه‌ گرنگه‌كانى كوردستان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و بۆردومانيان ده‌كه‌ن و هه‌وڵى تێكدانى بارى ئاسايشى كوردستان ده‌ده‌ن، له‌ رەوشێكی وادا پێویسته‌ به‌زووترین كات ده‌سه‌ڵاتی سياسیى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسييه‌كان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی بە پشتبه‌ستن به‌جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرى كوردستان و، بە یەکدەنگى و یه‌كهه‌ڵوێستی رووبه‌ڕووى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ببينه‌وه‌، ئەمەش دەبێتە باشترین وه‌ڵام بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى پیلانەکانى دوژمنان و داگیركه‌ران.

  لەهەمان کاتدا؛ خوازیارین هەموو لایەکمان ئه‌م یاده‌ بکەینه‌ هه‌وێنی یه‌كگوتاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆتایی به‌ كێشه‌ و گرفته‌كان بهێنین و به‌هه‌موو لایه‌كمان نێوماڵی كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه و كاربكه‌ين بۆ پێكهێنانى ئه‌نجوومه‌نێكى سياسى سه‌رتاسه‌رى كورستانى کە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی کوردستان بگرێتەخۆ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆز و پڕ ئاڵنگاری و شه‌ڕه‌‌دا ئاماده‌كارى ته‌واومان هه‌بێ‌ و بە گیانێکی کوردستانییانە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییەکان بکەین و پارێزگارى له‌ده‌ستكه‌وته‌كانى راپه‌ڕين بكه‌ين، به‌تایبه‌ت له‌كاتی ئێستادا کە دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ‌ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كوردستان و له‌باربردنی ئه‌زموون و حوكمڕانییه‌كانى، ئه‌وه‌ى‌ له‌ناوچه‌كه‌ش‌ رووده‌دات به‌رده‌وامى ده‌بێت، بۆیە پێویستە ئێمه‌ش بۆ ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ ئاماده‌بين و كوردستان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانى لەژێر دەستی داگیرکەرانی وڵات رزگار و ئازاد بكه‌ين و هه‌نگاو  به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بنێين.

 - نەمری و سه‌ربه‌رزی بۆ شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.

 - مردن و رووڕه‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

 

 

                        مه‌كته‌بی سیاسیی

                               یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

                           14ی ره‌شه‌مێی 2725ى كوردی

                          5ی ئاداری 2026ى زایینی