غه‌فوور مه‌خمووری بۆ زاگرۆس: سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی گرنگی بینی له‌ ڕاگرتنی جه‌نگ له‌ رۆژئاوای كوردستان

شباط/فبراير 07, 2026

 

zagros news agency

سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (YNDK)، باس له‌ رۆڵی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت راگرتنی جه‌نگ له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ سوریا و ده‌شڵێت: “سه‌رۆك بارزانی حه‌كیمانه‌ ئاگری جه‌نگی دوورخستوه‌ته‌وه‌”.

غه‌فوور مه‌خمووری، سکرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی کوردستان (YNDK)، بۆ زاگرۆس گوتی: “سه‌رۆك بارزانی له ‌سه‌ره‌تاوه‌ گوتی ئێمه‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ ته‌نیا جێناهێڵین، سه‌رۆك وه‌ك خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌یی مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ پرسی رۆژئاوای كوردستان كرد و هەموو هەوڵێکی دا بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمییش، حكوومه‌تی كوردستان شتی زۆری بۆ هاوکاریی رۆژئاوای كوردستان کرد، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کرد، ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی له‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌دا نه‌یانتوانی ئەوە بۆ غه‌ززه‌ بکەن، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بەپێی تونای خۆی توانیی له‌ رووی سیاسی و دیپلۆماسی و دارایی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان بوه‌ستێت، سه‌رۆك وه‌زیران کاک مه‌سرور بارزانی له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس له ‌هه‌موو دیداره‌كانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی جیهان یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی گفتوگۆكانی پرسی رۆژئاوا بوو، رۆژئاوای كوردستان له ‌ئاستی حكوومه‌تی كوردستان پشتیوانیی باشی لێكرا.“ 

سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (YNDK) ئاماژەی بەوەش كرد: ”هێرشی میلیشیاكانی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و بەرخۆدانی رۆژئاوا بووە هەوێنی یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی، له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مەزن هه‌موو کوردستانییان به ‌یه‌كده‌نگ و یه‌كڕه‌نگ پشتیوانیی رۆژئاوای كوردستان بوون، له‌سه‌ر ئاستی سیاسییش سه‌رۆك مەسعوود بارزانی وه‌ك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی مه‌زنی بینی، بۆ پارێزگاریكردن له‌ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵەکانی بوون بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و راگرتنی شه‌ڕ و خوێنڕشتن ئێمە وەک حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش پشتیوانیی رۆژئاوای كوردستان بووین، ئەوەبوو 15 حزب و لايەنی سیاسیی باشووری کوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموكراتی کوردستان YNDK لە شاری هەولێر کۆبووینەوە و لە به‌یاننامه‌یەکی هاوبەشدا هەڵوێستی یەکگرتووی خۆمان لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاند و داوامان لە گەلی کوردستان کرد کەوا پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان بکەن و بێدەنگ نەمێنن.”