سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى رەنجدەرانى کوردستان پیرۆز دەكات

شباط/فبراير 01, 2026

میدیا - هەولێر :

 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى وسەرکردایەتیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان کردووە و، بەبۆنەى 31 سى و یەکەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتەکەیانەوە و، پیرۆزبایى لێکردوون و هیواى گەشەکردن و پێشڤەچوونى زیاترو سەرکەوتنى بۆ خواستوون، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

 

 برای بەڕێزمان كاك باپیر کامەلا سكرتێری گشتیی پارتى رەنجدەرانى کوردستان

 بەڕێزان ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى پارتى رەنجدەرانى کوردستان

 

 سڵاوێکى برایانەى گەرم ...

 بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (31) سى و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان (پارتى رەنجدەرانى کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانى پارتە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای گەشەکردن و پێشڤەچوونى زیاتر و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

 بەڕێزان ؛ لەكاتێكدا كەوا یادی دامەزراندنی (پارتى رەنجدەرانى کوردستان) دەكەنەوە، كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار و دژواردان, داگیرکەران لە هەموو لایەکەوە لە هەوڵى ئابلووقەدانى کوردستاندان و، رۆژانە کێشەى بۆ دروستدەکەن، ئەوەتا هێرشى چەتە و تیرۆریستانى جۆلانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، وایکردووە گەلەمان لە رۆژئاوادا بکەوێتە ئاستەنگییەکى مەزن، خۆشبەختانە رۆڵەکانمان لە رۆژئاوادا لە بەرخودانێکى بێوێنەدان دژى چەتەو تیرۆریستانى جۆلانى، ئەمەش وایکردووە کوردستانیان یەکڕیزو یەکدەنگ بن بۆ پشتیوانى رۆژئاواو ئیدانەکردنى تیرۆریستان، بەمەش گەورەترین یەکڕیزى نەتەوەیى دروست بووە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا چۆن لە ئێستادا یەکڕیزى نەتەوەیى و نیشتمانى دروستبووە، ئاواش لایەنە سیاسییەکان کار بۆ یەکدەنگى و یەکڕیزى و هاوهەڵوێستیى سیاسى بکەن، پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى و یەکخستنەوەى ناوماڵى کوردستان و پاراستنى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان، بێگومان ئەمەش ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەموو لایەکمانە.

 هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.

 لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا.

 هەر بژین و تەندروست و شاد و سەركەوتووبن.

 

 براتان

غەفوور مەخمووری

سكرتێری گشتیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1 / 2 / 2026