*سکرتێرى گشتیى YNDK سەردانى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران دەكات*

كانون1/ديسمبر 16, 2025

 

 میدیا - هەولێر :

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 16 / 12 / 2025، سکرتێرى گشتیى YNDK سەردانی حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران-یان كردو، لەگەڵ سکرتێرى گشتى و سەرکردایەتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران کۆبوونەوەو لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا كرد.

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەرى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسى مەکتەبى ناوەندیى پەیوەندییەکان و فاخیر نانەکەلى ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، سەردانی بارەگای سەرکردایەتیى  حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (مستەفا هیجرى سکرتێرى گشتى و مستەفا مەولودى جێگرى سکرتێر و عومەر باڵەکى بەرپرسى ناوەندى راگەیاندن و کەریم پەروێزى بەرپرسى ناوەندى تەشکیلاتى ئاشکرا و سمایل ئەرجومەندى بەرپرسى مەڵبەندى ١ یەک و مەلا حەسەن واژى لە پەیوەندییەکانى حیرب)ەوە پێشوازیكران.

 لە دیدارێکى برایانەدا، باس لە رەوشى سیاسى کوردستان و ناوچەکە کرا و، سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا تیشکى خستەسەر رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو گرنگى زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا جارێکى دیکە پێشنیارى پێکهێنانى چەترێکى هاوبەشى بۆ لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کرد، کەوا هەموو لایەنەکان لەژێریدا کۆببنەوە، ئەمەشى وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان خستەڕوو، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە کارو خەباتى نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK هاوسۆزى و پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژهەڵاتى کوردستان راگەیاند، هەروەها سوپاسى هەڵوێستى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران و لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کرد، کەوا بەردەوام رەچاوى رەوش و تایبەتمەندى باشوورى کوردستان دەکەن، باسى لەوە کرد کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە و، پێویستە هەموو لایەک سەبارەت بەم پرسە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن.

 هەر لە دیدارەکەدا سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران، شرۆڤەیەکى کورتى رەوشى رۆژهەڵاتى کوردستانى کرد و، جەختیکردەوە سەر یەکڕیزى و بەیەکەوە کارکردنى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەلى کوردستان و، بۆ پێشوازیکردن لە ئەگەرو پێشهاتەکان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداوانەى کەوا لەسەر ئاستى ناوچەکەدا روودەدەن، هەروەها ئاماژەى بەوەکرد کەوا کارى گرنگ و باشیان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە، شایانى باسە هەر لە دیدارەکەدا؛ سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بەناوى سەرکردایەتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.

 لەدوا تەوەرى دیدارەکەشدا هەردوو لا جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر پتەوکردنى پەیوەندی برایانە و هاوخەباتی نێوان حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.