سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان دەكات

تشرين2/نوفمبر 06, 2025
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 6 / 11 / 2025، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قه‌هار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (د. کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و جوان رۆژبەیانی ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و یاریدەدەری بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی و رەسووڵ رەزگەیى کارگێڕى بەشى پەیوەندى گشتى و ژمارەیەک لە ئه‌ندامانی بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ کرا و هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە کەسانی شایستە و لێهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێن بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بتوانن نوێنەرایەتییەکی کارای گەلی کوردستان بکەن.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.