غەفوور مەخموورى لە کۆڕبەندى (ململانێکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: چارەنووس و دەرئەنجامەکان) لە عەمان: تەنها داڕشتنەوەى نەخشەى جیوسیاسى ناوچەکە کۆتایی بە ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دێنێت

أيلول/سبتمبر 16, 2025

میدیا – عەمان:

 

غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK رۆژى دووشەممە، رێکەوتى 15 / 9 / 2025 لە شاری (عەمان)ی پایتەختى شانشینى هاشمیى ئوردەن، بەشدارى کۆڕبەندى (ململانێکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: چارەنووس و دەرئەنجامەکان) بوو، کۆڕبەندەکە بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتیى سیاسى و ئەکادیمى و رۆشنبیرى و بوارى راگەیاندن لە (ئوردەن، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، کوێت، عێراق، کوردستان، سوریا، تورکیا، لوبنان، موریتانیا) بەڕێوەدەچێت و، تا رۆژی 18 / 9 / 2025 بەردەوام دەبێت، غەفوور مەخموورى لە كۆڕبەندەکەدا وتارێکى پێشکەشکرد و، رایگەیاند کەوا داڕشتنەوەى نەخشەى جیوسیاسى ناوچەکە کۆتایی بە ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دێنێت، هەروەها سەبارەت بە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان ئەوەى خستەڕوو کە تاکە چارەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانە. ئەمەش دەقى وتارەکەیە :

 

بەڕێزان ئەندامانی ئامادەبووانى کۆڕبەندى ململانێکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: چارەنووس و دەرئەنجامەکان

ئامادەبووانى بەڕێز ... خوشکان ... برایان ...

 

سڵاوێكی گەرم ...

بەڕێزان، سەرەتا بەبۆنەی بەستنی کۆڕبەندى (ململانێکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: چارەنووس و دەرئەنجامەکان) جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەكەم و بەخێرهاتنى هەموو لایەک دەکەم و، هیوای سەركەوتن بۆ ئەم کۆڕبەندە دەخوازم و ئومێد دەكەم ئەم كۆڕبەندە ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلانى ناوچەکە.

بەڕێزان، ئەم کۆڕبەندە لەكاتێكدا دەبەسترێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیارو چارەنووسسازدایە و چاوەڕوانی هاتنەپێشی زۆر ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى دەكرێت، بەباوەڕی ئێمە هەموو لایەکمان بەپێى بەرژەوەندى نەتەوەییمان دەتوانین سوود لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە وەربگرین.

لێرەدا پێویستە پرسیارێک لەخۆمان بکەین ئایا بۆچى زۆربەى کێشەو ململانێ سەربازى و سیاسییەکان لە سەدەى رابردووەوە تاکو ئێستاکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روودەدەن؟ بە باوەڕى ئێمە هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کەوا زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە بەپێى رێکەوتننامەى (سایکس-پیکۆ) بەشێوەیەکى ناسروشتى و لەسەر حیسابى نەتەوە چەوساوەکانى ناوچەکە داڕێژراون، تاکە چارەسەریش بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەرلەنوێ داڕشتنەوەى نەخشەى جیوسیاسیى ناوچەکەیە.

لاى هەموو لایەک روونە کە هەردوو گەلى کوردستان و فەلەستین قوربانى رێککەوتننامەى (سایکس-پیکۆ)ن، بە درێژایى مێژوو هەردوو گەلى کوردستان و فەلەستین لە خەبات و بەرخوداندان لەپێناو وەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانیان. بێگومان لە رابردوودا هەردوو گەل هاوکار و هاوخەباتى یەکدى بووین، رزگارکردنى قودس لەلایەن سەرکردەى کورد (سەلاحەددینى ئەیوبى) باشترین نموونەى ئەو هاوکارى و هاوخەباتییە، هەروەها لە مێژووى نوێشدا دەیان پاڵەوانى کورد وەکو خۆبەخش لەگەڵ گیانفیدایانى فەلەستین لە خەباتدا بوون و بەشێکیشیان لەسەر خاکى فەلەستین شەهید بوون، سەرەڕاى ئەمانە چەندان شاعیر و نووسەرى کورد خەبات و بەرخودانى گەلى فەلەستینیان کردۆتە هەوێنى نووسینى شیعر و رۆمان و چیرۆک و بابەتە ئەدەبییەکانیان، ئەو رابردووە ئەوەمان پێدەڵێت کەوا ئێمەى کوردستانى و فەلەستینى دەکرێ لە ئێستا و داهاتووشدا هاوکارو هاوخەباتى یەکدى بین، لێرەوە داوا دەکەم کەوا دەسەڵاتداران و رۆشنبیران و گەلانى عەرەبى بەشێوەیەکى واقیعى و وردبینانە مامەڵە لەگەڵ پرسى گەلى کوردستان بکەن و، ئەو راستییە بزانن کەوا گەلى کوردستان بەدرێژایى مێژوو لەسەر خاکى خۆى ژیاوەو بەشداربووە لە بنیاتنانى شارستانییەکى ناوچەکە و، وەک تەواوى گەلانى ناوچەکە مافى رەواى خۆیەتى بەمافە رەواکانى خۆى بگات بە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان و راگەیاندنى سەربەخۆیى کوردستانیشەوە.

ئامادەبووانى بەڕێز .....

زۆر جار ئەو راستییەمان خستۆتەڕوو، کەوا لەرابردوودا نەتەوەكان بنیاتنەری ئیمپراتۆرییەتەكان بوون، لەئێستاشدا نەتەوە بندەستەكان دەتوانن فاكتەری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە چەوسێنەرەكان بن، وەك ئەوەی بینیمان كە چۆن یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و یوغسلافیا و چیكۆسلوڤاكیا هەڵوەشانەوە، بێگومان زەوتكردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەكان لەو وڵاتانەدا هۆكاری سەرەکى هەڵوەشانەوەیان بوو، دەكرێ‌ ئەمە بۆ زۆر وڵات ببێتە پەند و وانە.

بێگومان لە سەد ساڵى رابردوودا زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە نەیانتوانى دەوڵەت لەسەر بنەماى هاوڵاتیبوون (دولة المواطنة) دابمەزرێنن و لەمڕووەوە فەشەلیان هێناوە، بۆیە پێویستە بەدواى چارەسەردا بگەڕێین، ئێمە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان لە سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستاندا دەبینینەوە، چارەسەری پرسی گەلى كوردستان و گەلى فەلەستین و نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکە تەنها و تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە، لەم پێناوەشدا پێویستە گەلى کوردستان و گەلى فەلەستین و نەتەوە بندەستەکان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین.

ئامادەبووانى بەڕێزو خۆشەویست ...

ئێمە وەکو کورد ؛ باوەڕى تەواومان بە پێکەوەژیان و رێزگرتنى نێوان پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەوا دووربکەوینەوە لە رق و دووبەرەکى و کاربکەین بۆ چاندنى تۆوى خۆشەویستى و برایەتى لە نێوان گەلاندا، بێگومان تەنها بە بڵاوکردنەوەى کلتورى خۆشەویستى و برایەتى گەلان دەتوانین وابکەین ئاشتى و ئارامى باڵ بەسەر ناوچەکەو جیهاندا بکێشێت.

دەمانەوێت راشکاوانە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنین کەوا چارەسەرى پرسى رەواى گەلى کوردستان فاکتەرى سەرەکییە بۆ هێنانەدى ئاشتى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و تەواوى جیهاندا، بێگومان چارەسەری بنەڕەتى و ریشەیى پرسی گەلى کوردستان لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینینەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەوا لە ئێمە بگەن و لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.

ئامادەبووانى بەڕێز ...

خوشکان ... برایان ...

گەلى کوردستان و گەلى فەلەستین وەکو دوو گەلى چەوساوەو هاوخەبات چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخوداندان و رووبەڕووى زوڵم و چەوسانەوە دەبنەوە، دەتوانین بڵێین ئێمە مەزلوومترین دوو گەلى سەر رووى زەوین، ئەوەتا هەموو لایەکمان دەبینین کەوا گەلى فەلەستین چۆن رۆژانە بەبەرچاوى هەموو دونیا لەلایەن ئیسرائیلەوە رووبەڕووى زوڵم و گرتن و کوشتن و ماڵ وێرانکردن دەبێتەوە، هەروەها ئێمەى گەلى کوردستان رۆژانە لەلایەن رژێمەکانى (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) رووبەڕووى زوڵم و چەوساندنەوە دەبینەوە، ئەوەتا حکومەتى عێراق سیاسەتى برسیکردن لە دژى خەڵکى باشوورى کوردستان جێبەجێدەکات و، مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان پێشێل دەکات کەوا لە دەستوورى عێراقدا دانیان پێدانراوە، بێگومان جێبەجێکردنى تاوانى برسیکردنى خەڵکى کوردستان هیچى کەمتر نیە لە تاوانەکانى تەعریب و ئەنفال و جینوساید، کەچى تەواوى لایەنە عێراقییەکان و مەرجەعیەتە ئاینییەکان بێدەنگ و بێهەڵوێستن.

هەروەها ئێران رۆژانە لە رۆژهەڵاتى کوردستان گەنجەکانمان زیندانى دەکات و لە سێدارەیان دەدات، تورکیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنى گوندە سنوورییەکان و شەهیدکردنى تێکۆشەرانى کورد لە رێى درۆنەوە، تورکیا سیاسەتى قڕکردنى خەڵک و وێرانکردنى گوند و شارەکانمان لە باکوورى کوردستان پیادە دەکات، سوریاش بەم حاڵە خراپەى ئێستاشییەوە ئامادە نیە دان بە بوونى گەلى کوردستان بنێت، لە رۆژئاواى کوردستان لەلایەن سوریاوە هەموو شتێک لە کورد قەدەخە کراوە، سەرەڕاى زوڵمى ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرە، تیرۆریستانى داعش ئەوانیش لە چەند ساڵى رابردوودا لەلایەن خۆیانەوە شەڕێکى نەخوازراویان سەپاندە سەر گەلى کوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خوا هێزى پێشمەرگەى کوردستان توانى کوردستان بپارێزێت و تیرۆریستان تێکبشکێنێت.

بەڵێ؛ ئەوە رەوشى کوردستان و دڕندەیى دەوڵەتە داگیرکەرەکانى کوردستانە، سەرەڕاى هەموو ئەو ناخۆشى و هێرشانە خەبات و بەرخودانى گەلى کوردستان لە هەر چوار بەشى کوردستان بەردەوامەو لە پێشڤەچووندایە و، دڵنیایین لە داهاتووى نێزیکدا ئاهەنگى سەرکەوتن دەگێڕین.

ئامادەبووانى بەڕێز ....

خاڵێکى گرنگ هەیە پێویستە لێرەدا بیخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە کۆمەڵێ رێکەوتننامەو پەیماننامەى جیهانى هەن کەوا دەرهاوێشتەى شەڕى دووەمى جیهانى بوون وەک (جاڕنامە گەردوونى مافى مرۆڤ و پرەنسیپەکانى مافى چارەى خۆنووسین و پرەنسیپى پاراستنى سەروەرى وڵاتان و مافى دەستخستنە کاروبارى وڵاتان و ... و ... زۆر شتى دیکەش لەم بوارەدا.)، ئەو رێکەوتننامەو پەیماننامانە لە ئێستادا لەلایەن وڵاتانى زلهێزو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ژێرپێ خراون و بێبایەخ کراون و بوونەتە مەرەکەبى سەر کاغەز، بۆ راستى بۆچوونەکەمان سەیرکەن کە رژێمى رووخاوى عێراق لە 31 / 7 / 1983 هەشت هەزار بارزانى گرت و زیندەبەچاڵى کردن و، لە 16 / 3 / 1988 بەبەرچاوى هەموو جیهان بە چەکى قەدەغەکراوى کیمیاوى لە هەلەبجەیدا و لە چەند دەقیقەیەکدا پێنج هەزار مرۆڤى کورد لە ژن و منداڵ گەنج و پیر شەهید بوون، جیهان بێدەنگ بوو، دواتر رژێمى عێراق لە شاڵاوە بەدناوەکانى ئەنفاڵدا هێرشى کردە سەر کوردستان زیار لە 4500 شارۆچکەو گوندى کوردستانى سوتاندو وێرانکرد و زیاتر لە 182000 مرۆڤى كوردى لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر گرت و زیندەبەچاڵ کرد، کە دەتوانین بڵێین ئەوە جینۆسایدکردنى گەلى کوردستان بوو، ئایا ئەوانە مرۆڤ نەبوون؟ مافى ژیانیان نەبوو؟ کەچى وڵاتانى زلهێزو جیهان بێدەنگ بوون.

لە ئێستاشدا ئەوەتا لە فەلەستین رۆژانە ژن و منداڵ و گەنج و پیرى فەلەستین دەکوژرێن، هەروەها رۆژانە چاڵاکوانانى کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن، ئایا هەموو ئەوانە مرۆڤ نین؟ ئایا ئەوانە مافى ژیانیان نییە؟ بۆ لەمڕووەوە زلهێزان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێدەنگن، ئەگەر ئەو بێدەنگییەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ژێرپێخستنى جاڕنامە گەردوونى مافى مرۆڤ نەبێت چیە؟ نموونەیەکى دیکە رۆژى 25 / 9 / 2017 گەلى کوردستان شێوەیەکى هێمنانەو لە پرۆسەیەکى دیموکراسییانەدا لەڕیى رێفراندۆم و لەڕیى سندوقى دەنگدانەوە بڕیارى لە چارەنووسى خۆیدا، ئەوەبوو گەلى کوردستان بە رێژەى 92.73% دەنگى بۆ سەربەخۆیى کوردستاندا، بێگومان بە راگەیاندنى سەربەخۆیى کوردستان ؛ لەڕووى سیاسییەوە کوردستان دەبووە فاکتەرى چەسپاندنى ئارامى و ئاسایش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەجیاتى ئەوەى عێراق ئەنجامى ریفراندۆم قبوڵ بکات هێرشیکردە سەر گەلى کوردستان، هەروەها لە رۆژى 1 / 10 / 2017 گەلى هەرێمى کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا ئەوانیش ریفراندۆمیان کردو بڕیاریان لە چارەنووسى خۆیاندا و بە رێژەى 91.96% دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کەتەلۆنیا دا، ئەوەبوو ئیسپانیا ئەنجامەکەى قبوڵ نەکرد و هێرشیکردە سەریان، ئایا قبوڵنەکردنى ئەنجامەکانى ریفراندۆمى کوردستان و کەتەلۆنیا ژێرپێخستنى پرەنسیپەکانى مافى چارەى خۆنووسین نیە؟ بەدڵنیاییەوە هێرشى عێراق بۆ سەر کوردستان و هێرشى ئیسپانیا بۆ سەر کەتەلۆنیا بە بەرچاوى وڵاتانى زلهێزو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین ژێرپێ خراون و بێبایەخ ماون و لە ئێستادا تەنها مەرەکەبى سەر کاغەزن.

بەڕێزان ...

وەک دەبینین ئێستا زۆر لە وڵاتانى ناوچەکە سەروەرییان پێشێلدەکرێ و دەسەڵاتیان بەسەر خاک و ئاو و ئاسمانى خۆیاندا نەماوە، دەستخستنە کاروبارى وڵاتان لەلایەن وڵاتانى زلهێزو بەشێک لە وڵاتانى ناوچەکە بۆتە کارێکى ئاسایى، نموونەش لەم رووەوە زۆرە.

ئەو واقیع و ئەو رووداوانە ئەوەمان پێدەڵێن کەوا پێویستە سەرلەنوێ پەیماننامەو رێکەوتننامە جیهانییەکان و نەخشەى جیوسیاسیى ناوچەکەکە لەسەر بنەمایەکى دروست دابڕێژرێنەوە و، مافى زەوتکراوى گەلانى چەوساوەى ناوچەکە بۆیان بگەڕیندرێتەوە.

لەكۆتاییدا، ئومێد دەخوازین لەداهاتووی نزیكدا سوود لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی ناوچەكە وەربگرین و بە مافە رەواكانمان بگەین، دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ ئەم کۆڕبەندە دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی دۆستانەی گەلانى ناوچەکە و گەلى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەلی فەلەستین و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .

 

هەر بژین و سەركەوتووبن.

 

 

 

 

غەفوور مەخمووری

سكرتێری گشتیی

یەکێتى نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

15 / 9 / 2025 عەمان - ئوردەن