نووسينى: شاخه‌وان خاليد
خه‌مێكى قوڵدايگرتم كه هه‌واڵى كۆچى دوايى هاوڕێ سەعد خالید حەمەدەمین، پێشمه‌رگه‌ى دێرين و سياسه‌تمه‌دارى ناسراوى کوردستانم پێگه‌يشت، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 62 ساڵی لە شاری هەولێر بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد، ئه‌و كه‌سايه‌تييه ته‌نيا له‌خانه‌واده‌كه‌ى و حزبه‌كه‌ى نه‌رۆيى، به‌ڵكو خاوه‌نداريى هه‌موو كوردستانه و هه‌مووانى خه‌مبار كرد.
ڕۆڵی سیاسی و حكومى...
هاوڕێ سەعد خالید وەک یەکێک لە کەسایەتییە بەڕێزەکانی گۆڕه‌پانى سیاسەتی کوردستان، لە تەک هاوڕێکانی ڕۆلی سەرەکی هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتدا، ئەو نە تەنها وەک سەرکردەیەکی حزبی، بەڵکو وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی و دیموکراسیخواز و كوردستانى خه‌بات و تێكۆشانى ده‌كرد.
لە کابینەی پێنجەم و حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان. ئەم پەیوەندییانەى ئه‌و كاتى نیشانەی شارەزایی و متمانەی ئەوبوون کە له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان و یەکڕیزەکانیەوە هەيبوو.
سياسييه‌كى خەمخۆری گەل....
هاوڕێ سەعد خالید، وەک پێشمەرگەیەکی خۆڕاگر و سەرکردە و تێکۆشەرێکی سیاسی ئازادیخواز، تا دوا ساتەکانی ژیانی دڵی پڕ لە هیوا بوو بۆ کوردستان. کەسایەتییەکی دڵسۆز و خەمخۆری گەل بوو کە پەیوەندی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو به‌شه‌كانى كوردستان زۆر باش بوو.
من زۆر له‌مێژه ئه‌و پێشمه‌رگه و سياسييه ده‌ناسم، به‌ده‌يان كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بووه له‌سه‌ر ئاسته جياوازه‌كان و زۆر كاريگه‌ر بوو، هەموو لایەنه‌كان خۆشیان دەویست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خەمخۆری گەلەکەی بوو، هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو گوێى بۆ هه‌مووان ده‌گرت و زۆر لێزانانه شه‌نوكه‌وى بارودۆخى سياسى ده‌كرد. ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناس ده‌زانن کە هەموو جار دەیگوت: "ئێمەی حزب و لایەنە سیاسییەکان هەموو کات دەبێ لە خزمەت گەل و نیشتمان بین." ئەم ڕاستگۆییە و دڵسۆزییە بۆ گەل یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هاوڕێ سه‌عد بوو.
میراتێکی بەهادار....
ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕێ سەعد کەلێنێکی گەورە لە خەبات و تێکۆشانی دیموکراسی و نیشتمانی و كوردستانى لە نێو ڕیزەکانی حزبه‌كه‌ى و کوردستان بەجێدەهێڵێت. ئەو ژیانێکی پڕ لە خەبات و خۆڕاگری بەسەربرد کە نمونەیەکی باش بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێت.
هاوڕێ سەعد خالید لە مێژووی سیاسی کوردستاندا وەک کەسایەتییەکی ڕاستگۆ و دڵسۆز بۆ گەل و نیشتمان دەمێنێتەوە. تێکۆشانی ئەو بۆ دامەزراندنی كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى دیموکراسی و دادپەروەری لە کوردستان دا هەمیشە یادی لێ دەکرێتەوە.
ماڵئاوا هاوڕێ سەعد، ڕۆحت شاد، بنوو به‌ئارامى، یاد و یادەوەریت بۆ هەمیشە بەخێر. ئەو میراتە بەهادارەی له‌بوارى سياسى و پێشمه‌رگه‌يه‌تى بەجێت هێشتووە لە دڵ و یادی هاوڕێکانت و هەموو ئەوانەی کە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات و سه‌ربه‌خۆ تێدەکۆشن، ئه‌م كاروانه بەردەوام دەبێت.