مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK په‌يامێك ئاڕاسته‌ى ‌حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان دەكات

أيلول/سبتمبر 09, 2025

میدیا – هەولێر:

مه‌كته‌بی سیاسیی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بەبۆنەى به‌ستن و سه‌ركه‌وتنى (12)هه‌م كۆنگره‌ى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى کوردستان په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات، له‌ په‌یامه‌كه‌‌ وێڕاى پيرۆزبايى له‌ ئه‌ندامانى نوێى كۆميته‌ى ناوه‌ندى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، ئومێد ده‌كه‌ن بەبڕیار و راسپاردەكانی كۆنگره‌ درێژە بەخەبات و تێكۆشانيان له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بده‌ن.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

بۆ بەڕێز حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان

بابەت / په‌يامى پیرۆزبایی

سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی ...

     بەبۆنەی بەستن و سه‌ركه‌وتنى دوانزه‌‌هه‌م كۆنگرەی حزبتان ( حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان) بەناوی خۆمان ‌و تەواوی ئەندام ‌و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزبایيتان ئاڕاستە دەكەین ‌و ئومێد ده‌كه‌ين بەبڕیار و راسپاردەكانی كۆنگره‌كه‌تان درێژە بەخەبات و تێكۆشان له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بده‌ن.

بەڕێزان: كۆنگرە وێستگەی هەڵوەستەكردن‌ و بەخۆداچوونەوە و تاوتوێكردنی كارەكانی ماوەی رابردوو،و دانانی بەرنامەیە بۆ كار و خەباتی داهاتوو، له‌گه‌ڵ دەستنیشانكردنی كێماسییەكان‌ و شەنوكەوكردنی رەوشی سیاسی‌ و ئابووری‌ و كۆمەڵایەتی....تد، كە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان‌ بۆ چوونە قۆناغێكی نوێی كار و خەبات، ئێوەی بەڕێز و تێكۆشەریش كۆنگرەكەتان لە قۆناغێكی هەستیار سازدا، كه‌ قۆناغێكی زۆر گرنگه‌ بۆ رووبەڕووبونەوەی پیلانی داگیركەران و دوژمنانی گەلەكەمان كه‌ رۆژانه‌ پيلانگێڕى له‌دژماندا ده‌كه‌ن، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنە سياسييه‌كانی كوردستانە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.

لەكۆتایی پيرۆزبايى له‌ ئه‌ندامانى نوێى كۆميته‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵبژێردراو ده‌كه‌ين و جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ سه‌ر زياتر پته‌وكردنى په‌يوه‌ندى نێوانمان و خوازيارين بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرەكەتان جێگەی بایەخ و سوود بن بۆ گەلەكەمان.... له‌گه‌ڵ رێزماندا.    

 

           

 

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

9-9-2025ى زايينى