مه‌كته‌بى سياسيى YNDK سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ى ڕزگارى ديموكراتى كوردستان ده‌كات

میدیا – چوارقوڕنه‌:

 

  شاندێكی مه‌كته‌بى سياسيى یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ى ڕزگارى ديموكراتى كوردستان له ده‌ڤه‌رى پشده‌ر- بتوێن ده‌كه‌ن، وێڕاى پيرۆزبايى ساڵيادى دامه‌زراندنى BRDK، گفتوگۆیان ده‌رباره‌ى ‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و ره‌وشى سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ كرد .

سه‌ر له‌به‌يانى رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 23-8-2025 شاندێكی مه‌كته‌بى سياسيى یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK كه پێكهاتبوو له‌ هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK و شاكر هاشم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK و فاخير نانه‌كه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و كارزانى پيران ئه‌ندامى مەکتەبى راگه‌ياندنى YNDK). سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ى ڕزگارى ديموكراتى كوردستان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان ( عه‌بدوڵڵا نازه‌نينى سكرتێرى BRDK و ئه‌بوبه‌كر عه‌بدولره‌حمان ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و كاك حه‌ته‌م و كاك هابير و كاك به‌هێز ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى په‌يوه‌ندييه‌كانى BRDK) پێشوازیكران.

 سه‌ره‌تا هه‌ڤاڵ (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK) پیرۆزبایی ساڵيادى BRDK لێكردن و هیوای خواست ئه‌م ساڵياده‌يان هانده‌ری زیاتر بێت بۆ گه‌شه‌كردن و هاوشان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خزمه‌تی زیاتر به‌ گه‌ل و نیشتمان بكه‌ن،‌ له‌ به‌رامبه‌ردا ( كاك عه‌بدوڵڵا نازه‌نينى سكرتێرى BRDK) سوپاسی په‌یامی پیرۆزبایی و سه‌ردانى شاندی مەکتەبى سیاسیى( YNDK )يان كرد، هه‌روه‌ها له‌دانيشتنه‌كه‌ باس له‌ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییه‌كان بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان.

لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا و ته‌واوی لایه‌نه‌ سياسييه‌كان، لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەله‌كه‌مان.