میدیا - هەولێر :
ئێوارەى ئەمڕۆ 21 / 08 / 2025، سکرتێرى گشتیى YNDK سەردانی پارتى ئازادى کوردستان PAK-یان كردو، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردایەتیى پارتى ئازادى کوردستان PAK کۆبوونەوەو لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا كرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەرى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى و زیلان سارمەمى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK) سەردانی بارەگای سەرکردایەتیى پارتى ئازادى کوردستان-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (حوسەین یەزدانپەنا سەرۆکى PAK و خەلیل نادرى وتەبێژ و عەبدوڵڵا نەسیرى و رێباز شەریفى و ئەدیب خالیدیان ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى و رووبار دێگوڵانى بەرپرسى تەوارەکانى ئازادى و باران داوەلەکى ئەندامى پەیوەندییەکانى PAK)ەوە پێشوازیكران، لە دیدارێکى برایانەدا، باس لە رەوشى سیاسى کوردستان و ناوچەکە کرا و، سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا تیشکى خستەسەر رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو گرنگى زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا پێشنیارى پێکهێنانى چەترێکى هاوبەشى بۆ لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کرد، کەوا هەموو لایەنەکان لەژێریدا کۆببنەوە، ئەمەشى وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان خستەڕوو، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە کارو خەباتى نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK هاوسۆزى و پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژهەڵاتى کوردستان راگەیاند، هەروەها سوپاسى هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کرد، کەوا بەردەوام رەچاوى رەوش و تایبەتمەندى باشوورى کوردستان دەکەن، باسى لەوە کرد کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە و، پێویستە هەموو لایەک سەبارەت بەم پرسە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکى پارتى ئازادى کوردستان بەناوى خۆى و سەرکردایەتیى پارتى ئازادى کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكان راگەیاند و، جەختیکردەوە سەر یەکریزى و بەیەکەو کارکردنى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەلى کوردستان و، بۆ پێشوازیکردن لە ئەگەرو پێشهاتەکان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداوانەى کەوا لەسەر ئاستى ناوچەکەدا روودەدەن و، باسى لەوە کرد ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان کارى بۆ دەکەن و درێخى ناکەن.
شایانى باسە هەر لەو دیدارەدا هەردوو لا جهختیانكردهوه سهر پتەوکردنى پەیوەندی برایانەی نێوان پارتى ئازادى کوردستان و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.