سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادى دامەزراندنى دەزگاى خێرخوازى بارزانى پیرۆز دەكات

غەفوور مەخموورى: دەزگاى خێرخوازى بارزانى وەک سازییەکى نەتەوەیى و نیشتمانى توانیویەتى ببێتە فاکتەرى بەهێزکردنى هەستى نەتەوەیى لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن

 

  میدیا - هەولێر:

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٧ / ٨ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK بەیاوەرى شاندێکى YNDK سەردانی سەرۆکایەتیى دەزگاى خێرخوازى بارزانى-ى كردو، بەبۆنەى (٢٠)ەمین ساڵیادی دامەزراندنیان پیرۆزبایى لێكردن و هیوای پێشڤەچوون و گەشەسەندن و سەركەوتنی بۆ خواستن.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، به‌یاوه‌ری هه‌ڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، سەردانی سەرۆکایەتیى دەزگاى خێرخوازى بارزانى-یان لە شاری هەولێر كرد و، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (موسا ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و کارگێڕو ئەندامانى دەستەى کارگێڕى دەزگا)ەوە پێشوازیكران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا بەبۆنەی (٢٠)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگاى خێرخوازى بارزانى، پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK-ی بە بەڕێزان سەرۆک و کارگێڕو ئەندامانى دەستەى کارگێڕى و کارمەندانى دەزگاکە راگەیاند و، هیوای پێشڤەچوون و گەشەكردنى زیاتر و سەركەوتنی بۆ خواستن و، رۆڵى دەزگاى خێرخوازى بارزانى لە خزمەتکردنى بوارى خزمەت و کارى مرۆیى لەهەر چوار پارچەى کوردستان و بەرزکردنەوەى مۆراڵى نەتەوەیى  وکارى خێرخوازى و مەدەنى و قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان لە کوردستان  بەرز نرخاند، هەر لە دیدارەکەدا مەخموورى وتى: (دەزگاى خێرخوازى بارزانى وەک سازییەکى نەتەوەیى و نیشتمانى توانیویەتى ببێتە فاکتەرى بەهێزکردنى هەستى نەتەوەیى لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن و، رۆڵێکى مەزنى گێڕاوە لە بەهاناوەچوونى خوشک و برایانمان لە بەشەکانى دیکەى کوردستان، هەروەها دەزگا بێ جیاوازى خزمەتى تەواوى پێکهاتەکانى کوردستانى کردووە، ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان بە چاوى رێزەوە لە کارو خەباتى دەزگاى خێرخوازى بارزانى دەڕوانین و بەرز دەینرخێنین.).

 بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى لەلایەن خۆیەوە سوپاسى ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەى سکرتێرى گشتیى و شاندى YNDK ى کرد.

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.