میدیا - هەولێر :
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٥ / ٥ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له کەسایەتیى ئاینیى و وڵاتپارێزى ناسراوى رۆژئاواى کوردستان بەڕێز شێخ د. مورشید شێخ مەعشوق خەزنەوى كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پرۆسەى ئاشتیى باکوورى کوردستان و رێکەوتنى لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان كرد.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەكتەبی سیاسی و زیلان سارمەمى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و زنار سارمەمى ئەندامى YNDK)، پێشوازیانكرد لە کەسایەتیى ئاینیى و وڵاتپارێزى ناسراوى رۆژئاواى کوردستان بەڕێز (شێخ د. مورشید شێخ مەعشوق خەزنەوى)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پرۆسەى ئاشتیى باکوورى کوردستان و رێککەوتنى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییە نوێیانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, سکرتێرى گشتیى YNDK سوپاسى بەڕێز (شێخ د. مورشید شێخ مەعشوق خەزنەوى) کرد، کەوا لە ماوەى رابردوودا رۆڵێکى مەزنى گێڕا لە یەکڕیزى و هاوهەڵوێستى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى وڵات، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە گرنگى راوێژى نەتەوەیى کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لە هەڕەشەکان پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشە رێگایەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەر لە دیدارەكەدا بەڕێز (شێخ د. مورشید شێخ مەعشوق خەزنەوى)، سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.