غەفوور مەخموورى پێشوازى لە شاندى باڵاى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان DEM Partî دەكات

نيسان/أبريل 23, 2025

  میدیا - هەولێر :

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٣ / ٤ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له‌ شاندى باڵاى DEM Partî كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پرۆسەى ئاشتیى باکوورى کوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەكتەبی سیاسی و شاکر هاشم ساڵح ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و جەلال سمایل كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان  DEM Partî کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (مەرال دانش بەشتاش سەرۆکى شاند و ئەندامى پەرلەمانى تورکیا و موراد ساریساچ و ساڵحە ئایدرن و موراد ئەرەن ئەندامانى ئەندامانى پەرلەمانى تورکیا و  عابد ئیکە بەرپرسى پەیوەندییەکانى DEM Partî و، خەمێ عابدى و ئۆکار ئۆرێنچى ئەندامانى مەکتەبى پەیوەندییەکانى DEM Partî )، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پرۆسەى ئاشتیى باکوورى کوردستان كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییە نوێیانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لەو مەترسییانە پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشە رێگایەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەر لە دیدارەكەدا سەرۆکى شاندى DEM Partî سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.