لە(37)ــەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا: پێویستە خواست و داواكارييه‌كانى خه‌ڵكى هەڵەبجە جێبه‌جێبكرێ

    - جەماوەری دڵسۆز و وڵاتپارێزى كوردستان ....

   - كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانی هەڵەبجە و كوردستان ...

 سی و حه‌وت ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ؛ لەرۆژی 16/3/1988، رژێمی بەعسی رووخاو لە چوارچێوه‌ی جێبەجێكردنی پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردستان به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیا زۆر دڕندانه‌ شاری هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، له‌ ئه‌نجامدا پێنج هەزار هاووڵاتی سڤیلی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ شەهیدبوون و هەزارانی دیكەش بریندار و ئاوارەی سەر سنوورەكان بوون.

 كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە؛ تاوانێكی گه‌وره‌ى قێزه‌وه‌نى دژ به‌ كورد بوو، هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ بەكارهێنانی كیمیایی لە دژی شاری هەڵەبجە، جگە لەوه‌ی كە هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان‌ كوردبوون، رژێمی به‌عسی ئەوسای عێراق ئەو كۆمەڵكوژییەی بە بەرچاوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تانى بڕيار به‌ده‌ست ئەنجامدا، شارێكی به‌ته‌واوی نوقمی كیمیایی كرد، له‌به‌رامبه‌ردا هیچ دەوڵەت‌ و رێكخراوێك بەرامبەر ئەو تاوانە دژ مرۆڤايه‌تييه‌ دەنگیان هەڵنەبڕی و هەڵوێستیان وەرنەگرت، بۆیه‌ پێویسته‌ هەموو ئەم دەوڵەت‌ و كۆمپانیایانەی له‌وكاته‌دا هاوكاری رژێمی بەعسیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم گازە ژەهراوییه‌ قه‌ده‌غه‌كراوانه‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی دادگایی بكرێن‌ و قەرەبووى زیانلێكه‌وتووانى هەڵەبجە بكه‌نه‌وه‌.

 تائێستاش به‌ركه‌وتووانی گازی كیمیایی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ده‌ست نه‌خۆشی و شوێنه‌واری ئه‌و گازه‌وه‌، ده‌ناڵێنن و ژیان و باری ته‌ندروستییان له‌مه‌ترسیدایه، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان و عێراق كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى گرنگى زیاتر بە شاره‌كه‌ بده‌ن، به‌تایبه‌ت چارەسەركردن و پاككردنەوەی شوێنەواری گازی كیمیایی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە و دەوروبەری، هه‌روه‌ها ئەو بریندارانەی كە تا ئێستا لە دەست ئازاری نەخۆشییەكانیان دەناڵێنن، له‌رێگه‌ى تيمى تايبه‌ت چ له ‌ناوه‌خۆ يان ده‌ره‌وه‌ چارەسەرى  یەکجارەکیيان بۆ بكرێت، له‌هه‌مان كاتدا كێشه‌ ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌م شاره‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و لەسەر حكومەتی عێراقیش پێویستە زیانلێكەوتووانی گازی كیمیایی قەرەبوو بكاتەوە.

 ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK، لە ساڵیادى کیميابارانکردنى هەڵەبجەدا، سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و گشت شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين، داوا ده‌كه‌ین ئاوڕی زیاتر له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌‌ بدرێته‌وه‌ و گوێ له‌ خواست داواكارييه‌كانيان بگيرێ و هه‌موو ئه‌و داخوازييانه‌ى هه‌يانه‌ بۆ جێبه‌جێبكرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيد شايانى خزمه‌تكردنى زياترن، به‌رامبه‌ر ئه‌و قوربانى و شه‌هيد و زه‌ره‌ر و زيانه‌‌ زۆره‌ى داويانه‌، هه‌روه‌ها داوا لە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکەین کەوا ناکۆکى و ململانێ حزبییەکانیان بخەنە لاوەو رەچاوى بەرژەوەندى باڵای نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى، به‌تايبه‌ت ئه‌و پێشهات و گۆرانكارييانه‌ى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست رووياندا، پێشبينى زياتر ده‌كرێ، تا ئێمه‌ش وه‌كو گه‌ڵى كوردستان ئاماده‌ييمان له ‌هه‌مو‌و رووێكه‌وه‌ هه‌بێت.

 - نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوى شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.

 

                                       مەكتەبی سیاسيی

                            یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK

                                    16ى ئاداری 2025ى زایینی