پەیامێک لە سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDKەوە

شباط/فبراير 28, 2025
بە درێژایى مێژوو کورد لە خەبات و تێکۆشان و بەرخوداندا بووە، لەپێناو خۆپاراستن و مانەوەو ژیانێکى شایستە لەسەر خاکى خۆى، شەڕى کورد بۆ نەمانى شەڕو چەسپاندنى ئاشتى بووە، کورد بەردەوام دەستێکى چەک بووە بۆ خۆپاراستن و دەستەکەى دیکەشى بۆ ئاشتى درێژ کردووە، بەڵام بەداخەوە دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان هەمیشە سیاسەتى نەهێشتنى کورد و کوردستانیان پراکتیک کردووەو هەوڵیانداوە کوردستان بە خەڵک و خاکەوە نەهێلن.
دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان (تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا)، لە ماوەى سەد ساڵى رابردوودا، هەموو هەوڵێکى ئاشتیان رەتکردۆتەوەو بەردەوام بە ئاگرو ئاسن وەڵامى داخوازییەکانى کوردیان داوەتەوە و، تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەیان و بەپێى پێویستى خۆیان هەندێ جار پرسى کوردیان هێناوەتە رۆژەڤ و کوردیان خاپاندووە، بۆیە هەقە سوود لە رابردوو ؛ لە دیرۆک وەربگرین و بە زانابوون هەڵسوکەوت بکەین و بڕیاربدەین.
هەموو لایەک ئەو راستییە دەزانین کە هەمیشە ئاشتى لە شەڕ باشترە، هەر هەوڵێک بۆ ئاشتى پێکەوەژیان لەگەڵ میللەتانى ناوچەکە هەبێت، ئێمە پێشوازى لێدەکەین، بەڵام پێویستە هەوڵەکان لەسەر بنەماى رێزگرتن لە خەبات و بەرخودانى گەلى کوردستان بێت نەک خۆچەککردن و خۆڕادەستکردن، پێویستە داگیرکەرانى کوردستان بەر لەهەر شتێک دان بە بوونى کورد و مافەکانى لە وڵاتەکانیاندا بنێن و ئەو داننانەش لە دەستوورى وڵاتەکانیاندا بچەسپێنن، بەدەر لەمە هەموو هەوڵێکیان فێڵکردنە لە کورد، خۆشباوەڕى کوردیش فێڵ لەخۆکردنە.
بێگومان مانەوەو هێزى کورد لەو چەکەدایە کە لە شانیەتى، کورد هێزو مۆراڵ لە خەبات و بەرخودان و دیرۆکى تێکۆشانى خۆى وەردەکرێت، کە ئەو خەبات و بەرخودان و دیرۆکى تێکۆشانە نەما، کوردیش بێهێزو بێکاریگەر دەمێنێت، بۆیە پێویستە، هەمیشە رێز لە خەبات و بەرخودان ودیرۆکى تێکۆشانى میللەتەکەمان بگرین و هەرزانفرۆشى نەکەین.
پێویستە رەچاوى تایبەتمەندى هەر بەشێکى کوردستان بکەین و، رێز لە بڕیارى هەر بەشێکى کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبردن و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعى سیاسى ئەو بەشەى وڵات لەو قۆناغەدا بگرین، جا فیدرالى بێت یان ئۆتۆنۆمى یان لامەرکەزى بێت، ئەمانەش لە ئەنجامدا هەموو هەنگاون بەرەو دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەیى و نیشتمانى، لەبەرئەوەى دواچارەسەرى پرسى گەلى کوردستان ئازادى و سەرخۆبوون و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانە.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
27 / 2 / 2025