ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پشتگیری خۆی بۆ ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان پێشاندا، ھاوکات پێشی وایە پێویستە لایەنەکانی ڕۆژئاوا گوێڕایەڵی ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانی بن.
شەوی ڕابردوو لە دیمانەیەکی کەناڵی شەمس سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ پشتگیری لە کوردانی ڕۆژئاوا، ئامۆژگاریم بۆ مەزڵۆم عەبدی ئەوە بووە کار بۆ ڕێکخستنەوەی یەک گوتاری کورد بکات لە سووریا.
لەمبارەشەوە غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرۆک بارزانی ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانە، لە سەرەتای ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان زۆر ھەوڵی داوە بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سووریا، ڕێککەوتنی یەک و دووی ھەولێر و ڕێککەوتنامەی دھۆکی ئەنجام داوە، تا ئێستاش ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بەردەوامن.
سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK ڕوونیکردەوە: لە دوا دیمانەی لەگەڵ کەناڵی شەمس وەک خاوەن لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی دەرخست، ئەوەش زۆر پێوست بوو کە جەنابیان لەم قۆناغەدا پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، ھیوادارین ھێزو لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ھاوکاربن لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ بەدەستھێنانی یەکڕیزی، تا بەیەک بەرنامەی یەکگرتوو ڕوو لە شام بکەن بۆ ھەر دانوستانێک لە داھاتوودا.
مەخمووری گوتیشی: ئێمە پشتیوانی لە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ بەدەستھێنانی یەکڕیزی و یەک گوتاری لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانیش، ئەگەر کوردانی ڕۆژئاوا سوود لە ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانی وەربگرن ھەم کورد سوودمەند دەبێت ھەم لایە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەر ئەوە پێویستە ھەموو لایەک گوێڕایەڵی تێبینی و سەرنج و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بن بۆ دانوستان لەگەڵ شام و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد لە سووریا.
قائید میرۆ