لیژنه‌ی باڵای هاوپەیمانى سەردەم کۆدەبێتەوە

میدیا-  هه‌ولێر

  دوای نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێکەوتی 2024-8-18، لیژنه‌ی باڵای هاوپەیمانى سەردەم لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی پارێزگارانی کوردستان لە شاری هەولێر بە ئادەبوونى بەڕێزان ( فریدون فرهاد شاكر و د.شاخه‌وان خالید و سامی خۆشناو و فارس عبدالرحمن خالید) ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای هاوپه‌یمانی سه‌رده‌م کۆبوونەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پرۆسەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان كرا، كه‌وا بڕیاره‌ له‌ 20/10/2024 ئه‌نجامبدرێ، بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەکان و جەختیانكردەوە لەسەر یەكڕیزی و یەكدەنگی سه‌رجه‌م لایەنە سیاسییەکان لە پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.

  سەبارەت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هاوپه‌یمانی سه‌رده‌م، باسیان لە چۆنیەتى خۆئامادەکردن و به‌رنامه‌ی سەرخستنى كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانی سەردەم کرد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن و تۆكمه‌ دانرا، هەروەها جەختكرایەوە سەر کارکردنی به‌كۆمه‌ڵ و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی نیشتمانی و كوردستانی هاوپەیمانی سەردەم بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان.