سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شێخى هۆزى (البو خطاب) دەکات

هۆزى البو خطاب رێز لە غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی YNDK دەنێت

 

 میدیا - هەولێر:

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٧ / ٣ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازیکرد لە بەڕێز (شێخ ضاري حمود عبدالله الخطاب سەرۆکى هۆزى البو خطاب) و شاندى یاوەرى، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیى کوردستان و عێراق كرد.

 پاشنیوەڕۆى ڕۆژى چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیکرد لە شاندى هۆزى البو خطاب کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (شێخ ضاري حمود عبدالله الخطاب سەرۆکى هۆزى البو خطاب و شێخ ضياء علي عبدالله الخطاب و شێخ خاشع أحمد المطلك) و، لە دیدارەکەدا باسیان لە گیانى ئاشتى و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراق و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هۆزە کوردى و عەرەبییەکان کرد و، جەختیان کردەوە سەر بایەخدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیرى سیاسیى لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراقدا.

 غەفوور مەخموورى باسى لەوە کرد کەوا ئاشتى و تەبایى کۆمەڵایەتى و یەکترقبوڵکردن سەقامگیرى سیاسى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، وتى : (ئەگەر سەیر بکەین ئەو پێکەوەژیانەى لەنێوان پێکهاتەکانى کوردستاندا هەیە، بۆتە نموونەیەکى زیندوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کەوا کوردستان ببێتە ئارامترین ناوچە، ئێمە شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان دەکەین و هەوڵدەدەین کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە مێرگى پێکەوەژیان بمێنێتەوە.)، هەروەها وتى: (لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کاربکەین بۆ بڵاوکردنەوەى رۆشنبیرى یەکترقبوڵکردن و قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان.).

  هەر لە دیدارەکەدا بەڕێزان شێخ ضاري حمود عبدالله الخطاب سەرۆکى هۆزى البو خطاب و شێخ ضياء علي عبدالله الخطاب بەناوى هۆزى البو خطاب دیارییەکى رێزلێنانیان پێشکەش بە غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK کرد، کە بریتى بوو لە شمشێرێکى تایبەت، بەڕێز شێخ ضاري حمود عبدالله الخطاب لە وتەیەکى کورتدا وتى: (ئەمڕۆ ئێمە سەردانى براى خۆشەویستمان غەفوور مەخموورى - باوکى زیلان-مان کردووە، ئەو دیارییەش کە پێشکەشى بەڕێزیان دەکەین بریتییە لە شمشێرێکى تایبەت کەوا لاى ئێمەى عەرەب رەمزێکى گرنگ و پڕ بایەخە، برامان کاک غەفوور مەخموورى رۆڵێکى گرنگى هەبووەو هەیە لە پتەوکردنى پەیوەندییە کوردى و عەرەبییەکان لەسەر هەموو ئاستەکاندا، ئێمە شانازى پێوەدەکەین و رۆڵى کاراى ئەو لەو بوارەدا بەرز دەنرخێنین و ئەم دیارییە سیمبۆڵییەى پێشەکەش دەکەین.)، سکرتێرى گشتیى YNDK لەلایەن خۆیەوە سوپاسى شێخ ضاري حمود عبدالله الخطاب و شاندى یاوەرى کرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەو رێزلێنانەیان.

 لە دوا تەوەری دیدارەکەشدا باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.