- جەماوەری دڵسۆز و وڵاتپارێزى كوردستان ...
- كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانی هەڵەبجە و كوردستان ...
سی و شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ؛ لەرۆژی 16/3/1988، رژێمی بەعسی دیكتاتۆری رووخا‌و لە چوارچێوه‌ی جێبەجێكردنی پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردستان به به‌رچاوی هه‌موو دونیا زۆر هۆڤانه شاری هەڵەبجەی كیمیابارانكرد، له ئه‌نجامدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی سڤیلی شاری هه‌ڵه‌بجه شەهیدبوون و هەزارانی دیكەش برینداربوون و ژماره‌یه‌كی زۆریش ئاوارەی سەرسنوورەكان بوون.
كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە؛ تاوانێكی گه‌وره‌ی دژ به كورد مرۆڤایه‌تی بوو، هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ بەكارهێنانی كیمیایی لە دژی شاری هەڵەبجە، جگە لەوه‌ی كە هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كوردبوون، رژێمی به‌عسی ئەوسای عێراق ئەو كۆمەڵكوژییەی بە بەرچاوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئەنجامدا، شارێكی به‌ته‌واوی نوقمی گازی كیمیایی كرد و هیچ دەوڵەت و رێكخراوێك بەرامبەر ئەو تاوانە گه‌وره‌یه دەنگیان هەڵنەبڕی و هەڵوێستیان وەرنەگرت، بۆیه پێویسته هەموو ئەم دەوڵەت و كۆمپانیایانەی له‌وكاته‌دا هاوكاری رژێمی بەعسیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم گازە ژەهراوییه قه‌ده‌غه‌كراوانه له دادگای نێوده‌وڵه‌تی دادگایی بكرێن و قەرەبووش به زیانلێكه‌وتووانى هەڵەبجە بده‌ن.
تائێستاش به‌ركه‌وتووانی گازی كیمیایی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به‌ده‌ست نه‌خۆشی و شوێنه‌واری ئه‌و گازه‌وه ده‌ناڵێنن و ژیان و باری ته‌ندروستییان له‌مه‌ترسیدایه، بۆیه پێویسته حكومه‌تی كوردستان و عێراق لەرێگەی رێكخراوە ته‌ندروستییه نێودەوڵەتییەكان گرنگى زیاتر بە شاره‌كه بده‌ن، به‌تایبه‌ت چارەسەركردن و پاككردنەوەی شوێنەواری گازی كیمیایی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە و دەوروبەری، هه‌روه‌ها ئەو بریندارانەی كە تا ئێستا لە دەست ئازاری نەخۆشییەكانیان دەناڵێنن، بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەركردنى یەکجارەکیان، له‌هه‌مان كاتدا پێویستە كێشه ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌م شاره چاره‌سه‌ر بكه‌ن، لەسەر حكومەتی عێراقیش پێویستە كە تەواوی زیانلێكەوتووانی گازی كیمیایی قەرەبوو بكاتەوە.
ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK؛ لە ساڵیادى کیمابارانکردنى هەڵەبجەدا، داوا ده‌كه‌ین ئاوڕی زیاتر له‌و شاره بێنازه بدرێته‌وه و ئاوڕدانه‌وه‌ی ئه‌و دواییه‌ی حكومه‌تی كوردستان له هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامدان و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كارێكی باشه و پێویسته به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها لەم یادەدا داوا لە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکەین وەک وەفادارییەک بۆ گیانى پاکى شەهیدانى هەڵەبجە كار بۆ سه‌رخستن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن و ناکۆکى و ململانێ حزبییەکانیان بخەنە لاوەو رەچاوى بەرژەوەندى باڵای نەتەوەیى و نیشتمانیى بکەن و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بریاره ناده‌ستوورییه‌كانی دادگای فیدڕالی عێراق و پیلانە گڵاوەکانى دوژمنان و ناحەزانى کوردستان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوى شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.
مەكتەبی سیاسيی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
25ی رەشەمێی 2723ی كوردی
16ی ئاداری 2024ی زایینی