غەفوور مەخموورى : شەهید دەنیز هێڤى کەسێکى رۆشنبیر و وڵاتپارێز بوو خواستى ئەو یەکێتى نەتەوەیى بوو.
شاهناز بولبون (دایکى شەهید دەنیز هێڤى) : سوپاستان دەکەین کە ئێوە وەکو YNDK لەکارەساتى شەهیدکردنى دەنیز لەگەڵمان وەستان و هاوخەم و هاوکارمان بوون.
میدیا - هەولێر :
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٠ / ١٠ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە ماڵباتى شەهید (دەنیز هێڤى) كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رۆڵى شەهید دەنیز هێڤى لە کارکردن بۆ یەکێتى نەتەوەیى كرد.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى ماڵباتى شەهید (دەنیز جەودەت بولبون) ناسراو بە (دەنیز هێڤى) ئەندامى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK ، کە رۆژى ١٨ / ٩ / ٢٠٢٣ لە نێو ئۆفیسى فەرمى KNK لە شارى هەولێر تیرۆرکرا، شاندەکە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (جەودەت بولبون باوکى شەهید و شاهناز بولبون دایکى شەهید و گۆکهان بولبون براى شەهید و هێڤى بولبون خوشکى شەهید و جەمیل بولبون و حەسەن بولبون و جاهید بولبون مامەکانى شەهید)، لەدیدارەكەدا دایکى شەهید ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ لاى YNDK خستەڕوو وتى : ئامانجى ئێمە وەکو ماڵباتى شەهید دەنیز لە سەردانمان بۆ لاى YNDK ئەوەیە کەوا وەکو ماڵباتى شەهید سوپاس و پێزانینى خۆمان بە ئێوە رابگەیەنین کەوا لە رۆژى کارەساتى شەهیدکردنى کوڕەکەمان دەنیز و تا بەڕێکردنى جەنازەى شەهید بۆ باکوورى کوردستان ئێوە وەکو YNDK لەگەڵمان بوون و هاوخەم و هاوکارمان بوون، بەناوى ماڵباتەکەمانەوە سوپاسى هەڵوێست و وەستانتان لەگەڵ ئێمە دەکەین.)، هەروەها خاتوو شاناز دایکى شەهید وتى: (داوا دەکەین کەوا هەموو لایەک هاوکارمان بن بۆ دۆزینەوەى بکوژانى شەهید.).
سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى بەخێرهاتنکردنى شاندى میوان و دووبارە دەربڕینى هاوخەمى بۆ بنەماڵەى شەهید سوپاسى ئەو سەردانەى ماڵباتى شەهید دەنیزى کردو وتى : (ئێمە وەکو YNDK ئەو سەردانەى ئێوە بەرز دەنرخێنین، ئێمە کارێکمان نەکردووە تا سوپاس بکرێین، ئێمە تەنها بە ئەڕکى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابووین، شەهید دەنیز هێڤى کەسێکى رۆشنبیرو وڵاتپارێز بوو، هەڤاڵ و خۆشەویستى ئێمە بوو، بە شەهیدکردنى ئەو هەڤاڵ و برایەکى خۆشەویستمان لە دەستدا، بۆیە سەرەتا سەرەخۆشى لە خۆمان ئینجا لە ئێوەى بەڕێز دەکەین.)، هەروەها وتى: (کارو تێکۆشانى شەهید دەنیز بۆ هێنانە کایەى یەکێتى نەتەوەیى و یەکێتى نیشتمانى بوو، بۆیە بۆ شادکردنى گیانى شەهید لەسەر ئێمە و دۆستانى شەهید پێویستە درێژە بەو خەباتەبدەین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەی و نیشتمانى بکەین.)، هەروەها مەخموورى وتى : (بۆ دۆزینەوەى تاوانباران پشتیوانتانین و ئەوەى لە تواناى ئێمەدا بێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکار دەبین.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
شایانى باسە ؛ بەڕێزان (زەینەب مستەفا و چەتۆ بەڕانەتى ئەندامانى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK ) ئامادەى دیدارەکە بوون.