بەبۆنەى سەرکەوتنى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان: *سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرۆک و سەرکردایەتیى نوێى یەکێتى دەکات*

تشرين1/أكتوير 06, 2023

میدیا - هەولێر:
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، بەبۆنەى سەرکەوتنى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتن خواستن بۆ بەڕێزیان و سەرکردایەتیى نوێى یەکێتى، ئاماژە بە رەوشى کوردستان دەکات و داوا دەکات کەوا هەموو لایەک یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بن و رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و کێشەو ململانێى حزبى بخەنە لاوە. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

بەڕێز کاک بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

سڵاوێكی گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی سەرکەوتنى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و، هەڵبژاردنى بەڕێزتان وەک سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و هەڵبژاردنى سەرکردایەتیى نوێى یەکێتى ، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و بەڕێزان لە سەرکردایەتیى نوێى یەکێتى دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونتان بۆ دەخوازین.
لەکاتێکدا کەوا کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان متمانەى بە بەڕێزتان وەک سەرۆکى یەکێتى و سەرکردایەتیى نوێى یەکێتى داوە، بێگومان كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان, ناوەندى سیاسیى کوردستانیش پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین و رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و کێشەو ململانێى حزبى بخەینە لاوە، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بێگومان بۆ ئەم مەبەستەش (یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان) دەتوانێ رۆڵى کاریگەرانەى خۆى ببینێت، ئومێد دەکەین لە ئێستا و داهاتووشدا لەم پێناوەدا رۆڵى خۆتان بگێڕن.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.
لەگەڵ رێزى دووبارەماندا ...
هەر بژین و تەندروست و شاد و سەرکەوتووبن.


غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
6 / 10 / 2023