شەهید سەربەست خامه‌یه‌كی ئازا و بوێر

شاخه‌وان خالید

رۆژی 31 /5 ی ئەمساڵ بیست و سێ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهیدی سەركردە شەهید سەربەست مەحموود تێپەڕدەبێت، شەهید سەربەست ئەندامی مەكتەبی سیاسی YNDKو سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون بوو، خودان خامەیەكی بوێر و هەقگۆ بوو، وتار و نووسين و تۆژینەوەكانی لەسەر پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەكان جێگەی سەرنجی هەموو لایەكبوون، تەنگی بە دوژمنان و نەیارانی بیری نەتەوەیی هەڵچنیبوو، چی نەخشە و پیلان هەبوو دەیخستە ڕوو شرۆڤەی ورد و دروستی بۆ دەكردن و لایەنە شارەوەكانی ئەم پیلانانەی ئاشكرا دەكرد، بۆیە دوژمنانی كورد و كوردستان خستیانە نێو سێرەی بیری تیرۆریستی خۆیان و لە 31/5/2000 دەستی رەش و چەپەڵیان گەیاندە گیانی بەرزەفڕ و پیرۆزی ئەم سەركردەیە و شەهیدیان كرد.

 شەمشەمە كوێرەكانی مەملەكەتی تاریكستان وایانزانی بە شەهیدكردنی سەربەست مەحموود كۆسپ و لەمپەر لە بەردەم خەباتی YNDK و بوێری و راستگۆیی رۆژنامەی میدیا دروست دەكەن، نەیانزانی شەهید سەربەست لە دوای خۆی نەوەیەكی بەجێهێشت و پەروەردەی هەمان خوێندنگەی كوردایەتی و وشەی هەقی كردوون.

شەهید سەربەست لە تەمەن بچووك بوو، بەڵام لە بیركردنەوە و تێڕامان گەورە و سەركردە بوو، توانیبووی ناو و ناوبانگ لە به‌شه‌كانی كوردستان بە دەست بهێنێ و ئەوەی شەهید سەربەستی تەنیا بۆ جارێكیش بدیبایە، ئەوا هەرگیز لە یادی نەدەكرد، ئەم مرۆڤە پاك و بێگەردە لای هەموو دۆست و هەڤاڵانی خۆشەویست بوو.

ئەوەی جێگەی داخە ئەوا بیست و سێ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ئەم شەهیدە سەركردەیە تێپەڕدەبێت، بەڵام دەزگاكانی پەیوەندیدار لە لێكۆڵینەوەیان تا ئێستا نەیانتوانیوە بكوژانی بدۆزنەوە، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی بكوژانی و دادگایكردنیان لەبەر ئەوەی بەرگمان رەشە و برینمان نا سارێژە و شەهید سەربەستیش زیندووە لامان دەبێ بكوژانی بدۆزرێنەوە و بەسزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان بگەن.