بۆ راى گشتى*پێشوازى لە پەیام و دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین*

 

لە زۆربەی قۆناخەکانی خەباتى گەلى کوردستاندا؛ کەوا کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەنگژەى گەورە بۆتەوە سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو مەرجەع هەمیشە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێشخەری هەبووە، سەرۆک بارزانی رۆژى 11 / 5 / 2023 لە رێوڕەسمى کردنەوەى (مۆزەخانەى نیشتمانیى بارزانى نەمر)دا، پەیامێکى گرنگى ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى کرد و، ئامادەیی خۆیشی نیشاندا ئەوەی لەتوانایدا بێت هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن و دۆخی سیاسیی کوردستان باشتر بکرێت.

پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەکی گرنگ و گونجاوەو لە کاتێکی گونجاودایە، لە کاتێکدایە کەوا ناوەندی سیاسیی کوردستان تا ڕادەیەک پەرش و بڵاوە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە، ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بە بایەخەوە پێشوازى لە پەیام و دەستپێشخەرییەکەى جەنابى سەرۆک بارزانى دەکەین و، ئامادەى هەر جۆرە هاوکارى و پشتیوانییەکین بۆ جێبەجێکردنى ئەو دەستپێشخەرییە و، داوا دەکەین کەوا هەموو لایەکمان کار لەسەر ئەو پەیام و دەستپێشخەرییە بکەین و بیکەینە سەرەتایەک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکان، لە هەمان کاتدا دەکرێ ئەو دەستپێشخەرییە بکەینە سەرەتایەک بۆ داڕشتنی کارنامەو بەرنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ داهاتووی کوردستان و، بۆ دەربازکردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا کە ڕووبەڕووی کوردستان بۆتەوە، هیوادارین تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بەبایەخەوە پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە بکەن و بە گرنگى وەربگرن و کاری جددی لەسەر بکەن و، وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و، بە دڵسۆزى کاربکەن بۆ رێکخستنەوەى ناوەندی سیاسیی کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەکان و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەش.

 

غەفوور مەخمووری

سکرتێری گشتیی

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK

12 / 5 / 2023