شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی YNDK سه‌ردانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌سوریا (یكێتی) ده‌كات

شباط/فبراير 11, 2023

میدیا – هه‌ولێر

شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی YNDK سه‌ردانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌سوریا (یكێتی) له‌شاری هه‌ولێر دەكات، لە دیدارەكەدا شاندی YNDK په‌یامی هاوخه‌می و پأڵپشتی و هاوكاری گه‌یانده‌ پارته‌كه‌یان‌ و له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان.  

رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 11/2/2023 شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كورستانYNDK  كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵان ( د. شاخەوان خالید کارگێڕى مه‌كته‌بی سیاسی و فاخر نانه‌كه‌لی و جه‌لال سمایل كارگێرانی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌رسه‌لان كاروانی و محمد تاهیر ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كان) سه‌ردانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌سوریا (یكێتی)یان كرد و پێشوازیكران له‌لایه‌ن به‌ڕێزان (باڤێ سابیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌ڤاڵان وه‌یس و دكتۆر حسن و خه‌بات) و ژماره‌یه‌ك كادری پارته‌كه‌.

شاندی YNDK په‌یامی هاوخه‌می خۆی سه‌باره‌ت به‌كاره‌ساتی بومه‌له‌رزه‌ی رۆژئاوای كوردستان گه‌یانده‌ پارته‌كه‌ و له‌رێی  ئه‌وانه‌شیه‌وه‌ بۆ قوربانیان و زیانلێكه‌و‌تووانی رۆژئاوی كوردستان و هه‌روه‌ها پاڵپشتی كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووان كرد و شوێنی كۆكردنەوەی هاوكارییەكان بارەگای پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌سوریا (یكێتی) له‌شاری هه‌ولێر رێگای پیرمام به‌رامبه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبووان كۆلانی هۆتێل رۆزالین دەبێت.

كەمپینەكە چه‌ند رۆژێك بەردەوام دەبێت و هاووڵاتییان وه‌كو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئایینی و مرۆیی بە پێی توانای خۆیان دەتوانن هاوكاری كەمپینەكە بكەن بۆ به‌هاناوه‌ چوونی رۆله‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوای كوردستان.