شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی YNDKسه‌ردانی PRK دەكات

شباط/فبراير 01, 2023

میدیا - هەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK، سه‌ردانی مەكتەبی سیاسی پارتی ره‌نجده‌رانی كوردستانPRK له‌شاری هه‌ولێر ده‌كات، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا وێڕای پیرۆزبایی (28)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنیPRK، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكەوتی 1/2/2023، شاندێكی مەكتەبی سیاسی YNDKكه‌ پێكهاتبوو له‌ هەڤاڵان( د.شاخه‌وان خالید كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و قه‌هار تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و شاكر هاشم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و فاخر نانه‌كه‌لی كارگێڕانی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاره‌زوو جه‌بار به‌رپرسی ئافره‌تان) سه‌ردانی پارتی ره‌نجده‌رانی كوردستانیان له‌ شاری هه‌ولێر كرد، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان( باپیر كامه‌لا سكرتێری گشتی و ژماره‌یه‌ك له ‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی ئۆرگانه‌كانیPRK ) پێشوازیكران.

له‌دانیشتنه‌كه‌ شاندی YNDKپیرۆزبایی ساڵیادی لێكردن و هه‌روه‌ها باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هه‌ڵبژاردنه‌كان كراو جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی لایەنە سیاسییەكانى كوردستان وهاوهه‌ڵوێستبوون بۆ پرسه‌ نیشتمانی و كوردستانییه‌كان و ده‌ستوور رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستان و چاككردنی باروگوزه‌رانی هاووڵاتییان و مووچه‌خۆرانی كوردستان.

له‌ دوا ته‌وه‌ری دانیشتنه‌كه‌ جه‌ختكرایه‌ سه‌ر توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی برایانه‌ی نێوان هه‌ردوولا و سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌ل و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسی پارتی ره‌نجده‌رانی كوردستان

بابەت / پیرۆزبایی

سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی ...

بەبۆنەی(28)مین ساڵیادی دامەزراندنی پارته‌كه‌تان (پارتی ره‌نجده‌رانی كوردستان) بەناوی خۆمان‌و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەین‌و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ زیاتر پێشڤەچوونتان .

بەڕێزان: پارتی ره‌نجده‌رانی كوردستان لە ماوەی تەمەنی خەبات و تێكۆشانیدا، وەك لایەنێك لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان جێ‌ پەنجەی لە خەبات دژی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان هەبووە و هەموو كات خەباتی كردووە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردستانە بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان.

لەم بۆنەیەتاندا جارێكی دیكه‌ جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردستان .

 

هەر سەركەوتوو بن .... لەگەڵ رێزماندا.

 

 

مەكتەبی سیاسی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1-2-2023