بەناوى خۆمان و بنەماڵەکەمان و تەواوى خزمانمان سوپاس و پێزانین و رێزو خۆشەویستیمان ئاراستەى هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین لە بەرپرسانى حکومى و نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و پیاوانى ئایینى و رۆشنبیران و کەسایەتییەکان لە هۆزو عەشیرەتەکانى شارو شارۆچکەکانى کوردستان و هەموو ئەو بەڕێزانەى کەوا چ لە کاتى نەخۆشى و چ لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردن و پرسەى دایکى ئازیزمان خوالێخۆشبوو (سەعدیە مەولود تەها نانەکەلى) بەسەریانکردینەوەو ئامادەبوون لەگەڵماندا، هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆمان بە هەموو ئەو بەڕێزانە رادەگەیەنین کەوا چ بە ناردنى پەیامى هاوخەمى و پەیوەندى تەلەفۆنى و، یان لە رێگەى ئمێل و هۆیەکانى سۆشیالمیدیاوە لە کوردستان و لەدەوەوەى کوردستان پەیوەندییان پێوەکردین و بەسەریانکردینەوەو هاوخەممان بوون، بەسەرکردنەوەى هەر هەموو لایەکتان لە خەمى کەمکردینەوەو دڵخۆشیانکردین و بووە هۆى ئەوەى کەوا سەبرو ئارامى و دڵنەواییمان پێببەخشێت.
هەروەها بەپێویستى دەزانین کەوا بەناوى خۆمان و بنەماڵەکەمانەوە سوپاس و پێزانینى خۆمان بە بەڕێزان بەڕێوەبەرو دکتۆرو کارمەندان و تەواوى ستافى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رۆژئاواى هەولێر رابگەیەنین کەوا لە کاتى نەخۆشى دایکى خوالێخۆشبوومان زۆر هاوکارمان بوون و ئەوەى لەدەستیانهات بۆ چارەسەرى نەخۆشى دایکمان پێشکەشیانکرد.
وێڕاى سوپاس و پێزانینى دووبارەمان بۆ هەر هەموو لایەکتان، لە یەزدانى مەزن داواکارین خەمتان نەدات و تەندروست و دوورە بەڵاتان بکات.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستیمان بۆ هەر هەموو لایەکتان.
براتان
فاخیر نانەکەلى
لەجیاتى بنەماڵەى خوالێخۆشبوو
حاجى سلێمان نانەکەلى
8 / 1 / 2023