سكرتێرى گشتیى YNDKلەگەڵ بەشێک لە رێکخستنەکانى YNDKکۆدەبێتەوە

كانون1/ديسمبر 12, 2022

  ميديا - هه‌ولێر:

 پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 12ـی 12ـی 2022 سکرتێرى گشتیى YNDK لەگەڵ بەشێک لە رێکخستنەکانى YNDK لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کۆبۆوەو ، سه‌باره‌ت به رەوشى سیاسى کوردستان و رەوشى رێکخراوەیى YNDK بۆ ئامادەبووان وتارێکى پێشکەشکردو جەختى کردەوە سەر پاراستنى کوردستان و خورتکردنى کارو خەباتى داهاتووى YNDK لەپێناو خزمەتکردنى جەماوەرى کوردستان.

 پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌‌، غه‌فوور مه‌خموورى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK  لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى YNDK لە شارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان )د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى و قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرو فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و سەردار خدر کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى کارگێڕى و دارایى YNDK)، پێشوازى لە بەشێک لە رێکخستنەکان و پێشمەرگە درێنەکانى YNDK لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، دواتر لە کۆبوونەوەیەکى فراوان لەگەڵیاندا وتارێکى سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و رەوشى رێکخراوەیى YNDK پێشکەشى ئامادەبووان کرد، دواى دەقیقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانى پاکى شەهید سەربەست مەحموود و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان، د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى و بەرپرسى مەکتەبى ناوەندى رێکخستنى YNDK بەخێرهاتنى ئامادەبووانى کرد و ئامانجى کۆبوونەوەکەى بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و، داواى لە سکرتێرى گشتیى YNDK کرد کەوا وتارێک سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و رەوشى رێکخراوەیى YNDK پێشکەشى ئامادەبووان بکات.

 غەفوور مەخموورى سكرتێرى گشتیى YNDK وێڕای بەخێرهاتنکردنى ئامادەبووان لە وتارێکیدا رەوشى سیاسیى کوردستانى بۆ شیکردنەوەو روانینى خۆى خستەڕوو، دواتر باسى لە رەوشى رێکخراویى YNDK کرد، لە وتارەکەیدا سەبارەت بە رەوشى کوردستان وتى: (کوردستان لە رەوشێکى زۆر ناسک و هەستیاردایەو لە چەند لایەکەوە هەڕەشە لە کوردستان دەکرێت و هەوڵدەدرێت پێگەى کوردستان لاواز بکرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕیزى نیشتمانى بکەین و پێکەوە کوردستان بپارێزین، باشترین وەڵام بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەم هەڕەشانە و تەواوى پیلانى ناحەزان و داگیرکەرانى کوردستان یەکدەنگى و یەکڕیمانە، خەڵکی کوردستان بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەییەوە دەتوانن بەرامبەر هەڕەشەکان بوەستنەوەو تەواوى پیلانى ناحەوان و داگیرکەرانى کوردستان لە گۆڕبنێن و کوردستان بپارێزن.)، هەروەها وتى: (گەلى کوردستان بە یەکڕیزى دەتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات و، خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆى بێت و پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى بکات، کە بەرهەمی خەبات و بەرخودان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلەکەمانن.).

 دواتر سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە رەوشى رێکخراوەیى YNDK بۆ ئامادەبووان قسەیکردو داواى لێکردن کەوا لە جاران زیاتر کاربکەن و دەنگ و رەنگى YNDK بگەیەننە هەموو شوێنێک و ریزەکانى خۆیان پتەوتربکەن و کارو خەباتى داهاتووى YNDK خورتتر بکەن لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى جەماوەرى کوردستان.

 لە دوا تەوەرى کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان سەرنج و روانینى خۆیان خستەروو و پرسیارەکانیان لەلایەن سکرتێرى گشتیى YNDK وەڵامدرانەوە.