سكرتێری گشتیی YNDK یەکگرتنەوەى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران پیرۆز دەكات

أيلول/سبتمبر 07, 2022
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان مستەفا هیجرى سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران و وتەبێژو ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کرد و، بەبۆنەى یەکگرتنەوەى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك مستەفا هیجری سکرتێرى گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
براى بەڕێزمان کاک خالید عەزیزى وتەبێژى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی یەکگرتنەوەى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و، هیڤیدارین یەکگرتنەوەى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ یەکگرتنەوەى حیزبى دێموکراتى کوردستان ئێران هەنگاوێکى بوێرانەو کارێکى نەتەوەیى نیشتمانى مەزنە، بە چاوى رێزەوە لەو هەنگاوەتان دەڕوانین و بە بەرزى دەینرخێنین، یەکگرتنەوەى (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) لەم کاتەدا کەوا كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، پێویستییەکى بابەتى و مێژوویى بوو، ئومێد دەکەین یەکگرتنەوەى حیزب ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان ، بێگومان باوەڕى نەگۆڕمان وایە کە یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەم رووەوە یەکگرتنەوەى حیزبى دێمۆکرات بە چەکێکى کاریگەر دەزانین بۆ هەڵوەشاندنەوەو رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان، بەباوەڕی ئێمە هەنگاوى دواى یەکگرتنەوەى حیزبى دیموکرات، بۆ خورتکردنى خەبات پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا . هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
7 / 9 / 2022