زمانى کوردى کە ناسنامە و هەبوونى نەتەوەى کوردە، بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانى کوردستان هەوڵى قەدەغەکردن و لەناوبردنى دراوە، زمان وەك تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی، ئەویش كەوتۆتە بەر مەترسی شاڵاوی بەعەرەبكردن و بەتورککردن و بەفارسکردن، لێرەدا دەمانەوێت باس لە دژایەتییەکانى زمانى کوردى لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانى کوردستان بکەين، هەر لەكۆنەوە شۆڤێنییەتی عەرەب و تورک و فارس ویستوویانە زمان و كلتوری كورد بسڕنەوەو زمان و كلتوری خۆیان بسەپێننە سەر كورد، بۆ نموونە ئەگەر باسى دەسەڵاتى عەرەبى بکەین ؛ دەبینین لەپاش جەنگی (القادسیە)ەوە لە 640ی زاینیدا، کە سەرەتای دەستبەسەرداگرتنی كوردستان بوو لەلایەن عەرەبەوە، ئەو دەستبەسەرداگرتنە عەرەبییە بزووتنەوەیەكی بەعەرەبكردن بوو بۆ بچوككردنەوەو سڕینەوەی بەها نەتەوەییەكانی كوردو پشتگوێ خستنی زمان و كلتوری كورد و، كاركردن بۆ بڵاوكردنەوەو سەپاندنی زمان و كلتوری عەرەبی، بەمەش ویستیان زمان و كلتوری كورد لەناوببەن، بەڵام خۆشبەختانە زمان و كلتوری كورد لەسەر دەستی هۆزانڤان و رۆشنبیرانی كورد پارێزراو مایەوە.
زمانی هەر نەتەوەیەك لەگەڵ لەدایكبوونی نەتەوەكە لەدایكدەبێت، بۆیە دەسەڵاتی عەرەبی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی كورد هەوڵی سڕینەوەو نەهێشتنی زمانی كوردی داوە، ئەم هەوڵدانەش لەسەدەكانی رابردووەوە تائێستا درێژەی هەیە.
لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتی عێراقیشدا كار بۆ پشتگوێ خستن و سڕینەوەی زمانی كوردی كراوە، دوای دروستكردنی عێراق کەسێكی شۆڤێنی عەرەب كە ناوی (ساطع الحصري) بوو، كرا بە بەڕێوەبەری گشتی زانیاری (المعارف) و لەماوەی نێوان (17ی كانوونی دووەمی 1923 تا 31ی تەمووزی 1927) لەكارەكەیدا مایەوە، (ساطع الحصري) كەسێكی شۆڤێنی بوو، لای ئەو زمان یەكەم پێوەر بوو بۆ خۆبەستنەوە بە وڵاتی عەرەبی و، راى وابوو هەر كەسێ بەعەرەبی قسە بكات ئەوە عەرەبە جا ئایین یا رەگەز یا مێژووی هەر چییەك بێت، هەوڵی دەدا زمانی كوردی پشتگوێ بخات و بیانووی زۆری دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی كورد بەزمانی خۆی نەخوێنێت و بەزمانی عەرەبی بخوێنێت ئەوەشی بۆ ئەوە بوو وردە وردە زمان و كلتوری كوردی بسڕێتەوە، بێگومان هەر زمانێك كە پێی نەخوێنرێت و پێی نەنووسرێت پێشناكەوێت و گەشە ناكات.
پاشتر رژێمی كۆماری عێراق لەساڵی 1960دا دەستیكرد بەراگواستنی مامۆستایانی كورد لەكەركوك (فەرمانێكی وەزاری دەرکرد و رەوانەیکرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری لیوای كەركوك بۆ ئەوی هەرچی دەرچووانی دار المعلمین و معلمات هەیە لە كوردەكان لەسلێمانی دابنرێت نەك لەكەركوك)، ئەوەش هەوڵێك بووە بۆ نەهێشتنی خوێندنی كوردی لەكەركوكدا، خوێندنی كوردی و بزاڤی كلتوری كورد بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە چ لە عێراق و چ لە سوریادا دژایەتی كراوە، هەر چەندە لەبڕگەی (ب)ی ماددەی حەوتەمی دەستووری كاتی عێراقدا هاتووە کە (زمانی كوردی زمانی رەسمی دەبێت شان بەشانی زمانی عەرەبی لەناوچەی كوردیدا)، بەڵام زۆر كەم كار بەو دەقە كراوە، رژێمی عێراق بەتایبەت بەعس بۆ ئەوە سوودی لەزمانی كوردی وەرگرتووە بیرو بۆچوونە بۆگەنەكانی خۆی لەرێی زمانی كوردییەوە بگەیەنێتە كورد، ئەگەرنا بەردەوام دژایەتی زمان و كلتوری كوردی كردووەو بڕیاری تایبەتی لەم بارەیەوە داوە، بڕیاری 632 لە 7/10/1989ی بەناو (ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی عێراق) زۆر راشكاوانە دژایەتی زمانی كوردی دەكات و بەشتێكی بێ بایەخی دادەنێ، لەبڕگەی یەكەمی ئەو بڕیارەدا هاتووە كە قوتابی بەدەرنەچوو (راسب) دانانرێ ئەگەر هاتوو لەوانەی زمانی كوردیدا دەرنەچوو، ئەو بڕیارەش هەموو ئەو قوتابخانانە دەگرێتەوە كە زمانی كوردییان تێدا دەخوێنرێت، لەبڕگەی دووەمیشدا بڕیارەكە كراوە بەبڕیارێكی یەكلاییكەرەوەو تێیدا هاتووە (كار بەهیچ دەقێكی تری پێچەوانەی ئەو دەقە ناكرێت).
ئەگەر لەعێراقدا خوێندنیش بەزمانی كوردی بووبێ ئەوا بەشتێكی كەم بایەخ سەیركراوەو، پرۆگرامی خوێندن هەمان پرۆگرامە عەرەبییەكە بووەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، پرۆگرامەكەش بەهیچ شێوەیەك گوزارشتی لەكۆمەڵی كوردەواری نەكردووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیرى پرۆگرامى خوێندنى کوردى لە عێراق بکەین دەبینین لەبابەتی مێژوودا مێژووی نیشتمانی عەرەب و، لە بابەتی جوگرافیادا جوگرافیای نیشتمانی عەرەب و لەبابەتەكانی تریشدا هەر هەمووی هی عەرەب دەخوێنرا، ئەوەش بۆ ئەوە بووە كە خوێندەڤانی كورد هەمیشە عێراق بەوڵاتی خۆی بزانێ و لەرێی عێراقیشەوە (نیشتمانی عەرەبی) بەنیشتمانی خۆی بزانێ و مێژوو و جوگرافیا و شارستانییەتی ئەوانیش بەهی خۆی بزانێت و، هەست نەكات كە كوردستان نیشتمانی ئەوەو بەشێكی بە زۆر بەعێراقەوە لكێنراوەو داگیركراوە.
رژێمی بەعس بە بەردەوامی هەوڵی سڕینەوەی زمان و كلتوری كوردی داوەو قوتابخانە كوردییەكانی داخستووە، لەساڵی خوێندنی (2000-2001)ەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لە هیچ قوتابخانەیەكدا خوێندنی بەزمانی كوردی نەهێشت و هەمووی كرد بەعەرەبی، لە (كەركوك، مەخموور، شنگاڵ، زەممار، قەراج، خانەقین،. . . و شوێنانی دیکە) و خوێندنی عەرەبی سەپاندە سەر كورد.
لەو رێیەوە رژێمی عێراق ویستوویەتى زمان و كلتوری خۆی کە عەرەبییە بسەپێنێتە سەر كوردو زمان و كلتوری كوردیش كەم بایەخ بكات، ئەگەر سەیر بكەین دەبینین ئێستاش كاریگەرییەكی زۆری زمان و كلتورو هزرو سیاسەتی عەرەبی بەسەر رۆشنبیرانی كورد لە باشووری كوردستاندا دیارە، ئەمە بۆ رۆژئاوای كوردستانیش راستە، لەبەر ئەوەی نەتەوەی سەردەست هەوڵیداوەو هەوڵدەدات هەموو شتێكی خۆی بسەپێنێتە سەر نەتەوەی بندەست، ئەوەى رژێمى بەعس لە سوریا و عێراق دژى زمانى کوردى کردوویانە، تورکیا و ئێرانیش بەهەمان شێوەو زیاتریش دژایەتى زمانى کوردى-یان کردووە، ئەمەش وایکردووە لە باكوروردا زمان و كلتوری کوردى بکەوێتە ژێر كاریگەری زمان کلتورى تورک تورك و لەرۆژهەڵاتیشدا كاریگەری زمان و كلتوری فارس بەسەر زمان و كلتوری كورددا هەیە.
ئەم سیاسەتەی داگیركەرانی كوردستان سێ واقیعی كلتوری جیا لەیەكی دروستكردووە، وایکردووە کەسایەتیى تاکى کورد بشێوێنرێت و هەست بە نامۆبوونى کلتورى بکات، بۆ سڕینەوەى ئەم واقیعە تاڵە پێویستیمان بەوە هەیە کەوا شۆڕشێکى کلتوورى بەرپابکەین بۆ بیناکردنەوەى کەسایەتیى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون و پەیوەستبوون بە زمان و خاک و کلتوورو بەها نەتەوەییەکان، لەم رێیەوە پێویستە هەستى عێراقیبوون و تورکیاییبوون و ئێرانیبوون و سوریاییبوون لە هزرى تاکى کورددا بسڕینەوە، بۆ ئەوەى تاکى کورد وەک کوردێک و وەک کوردستانییەک پێناسەى خۆى بکاتەوە.
وەک لاى هەموو لایەکمان روونە ؛ لەهەریەك لە توركیا و سوریا و ئێراندا خوێندن بەزمانی كوردی قەدەغەیە و رێی پێنادرێ و كوردیان ناچاركردووە بەزمانی ئەوان بخوێنی و بنووسێ، دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان لە كۆنەوە تائێستا زمانی خۆیان سەپاندۆتە سەر كورد، كورد بەناچاری زمانی دەستەڵاتدارانیان لە كاروباری رەسمییدا بەكارهێناوە، وەك لەپێشەوە باسمانكرد عێراق بە بەردەوامی هەوڵی سڕینەوەی زمان و كلتوری كوردی داوەو كەنارگیری كردووە، ئێران و تورکیا و سوریا ئەوانیش لە عێراق زۆر خراپتر کارییان لەسەر شێواندن و قەدەغەکردنى زمانى کوردى کردووە.
لە سوریادا خوێندن و نووسین بەزمانی كوردی قەدەغەیە و تەنها دەبێت بەزمانی عەرەبی بێت و ئەمەش لەماددەی (4)ی دەستووری سوریادا جێگیركراوە، كە دەڵێت: (زمانی عەرەبی زمانی رەسمییە.)، شۆڤێنییەتی عەرەبی هەستی بەوەكردووە، كە ئەگەر زمانی كوردی رێی پێبدرێت ئەوا گەشە دەكات و تایبەتمەندییەكانی خۆی دەپارێزێت، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کەوا هەستى کوردبوون لەلایەن تاکەکانى کورددا بەردەوام گەشە بکات، بۆیە كەوتۆتە دژایەتیكردن و قەدەغەکردنی زمانەكەمان، بێگومان زمان هۆكاری لەیەكترگەیشتن و خوێندن و نووسین و بیركردنەوەیەو یەكێكە لەتایبەتمەندییە بنچینەییەكانی هەر نەتەوەك، بۆیە داگیرکەران بۆ سڕینەوەى بوونمان وەک نەتەوەیەک بەردەوام شەڕى نەهێشتنى زمانى کوردییان کردووە.
لەگەڵ ئەو هەموو دژایەتی و قەدەغەكردنەشدا زمانی كوردی لەرێی رۆشنبیرانی كورد بەردەوام بەرەنگاری داگیركەرانی كوردستان بۆتەوەو خۆی پاراستووەو لە گەشەكردنیشدایە، بەعەرەبكردن و بە تورککردن و بە فارسکردن مەترسییەكی زۆری بۆ سەر مانەوەو گەشەكردنی زمانەكەمان هەبووەو هەیە و بۆتە هەڕەشە لەسەر نەهێشتن و سڕینەوەی زمانەكەمان، بۆیە پیویستە هەموو لایەکمان وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى کاربکەین بۆ سڕینەوەى کاریگەرییەکانى زمان و کلتوورى داگیرکەران لەسەر زمانى کوردى و تیبکۆشین لەپێناو بایەخدان بە زمانى کوردى و پێشخستنى.