(بیست و حه‌وت) ژنە چالاكوانی كورد لە زیندانەكانی ئێران دەستبەسەرن

تموز/يوليو 29, 2019

لە كاتێكدا رۆژی جیهانی ئافره‌تان لە سەرانسەری جیهان یادی كرایەوە، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی ئامارەكان نزیكەی 100 چالاكوانی ژن لە زیندانەكانی ئێران دەستبەسەرن، كە 27 لەو ژنە چالاکوانانە كوردن، چالاكوانێكی بواری ئافره‌تان یش ئاماژە بەوە دەكات كە ئافره‌تان بە درێژایی

ساڵانی دەسەڵاتداریەتی حكومەتە دیكتاتۆرییەكان نیشانیانداوە كە ناتوانن لە بەرامبەر زوڵم و ناڕەواییەكان بێدەنگ بن و بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕیوە.
ئیلهام چایچی چالاكی بواری ئافره‌تان بۆ میدیا گوتی: "لەئاكامی لێكۆڵینەوەیەك كە لە هەموو وڵاتانی جیهان بەرێوەچوو، لە كۆی ئەندام پەرلەمانەكانی هەموو وڵاتانی جیهاندا، لە هەر 100 كەس تەنیا 17 كەسیان ژنن، بەڵام خۆشبەختانە لە هەر 100 كەسی نەخوێندەوار 54 كەسیان ژنن، لە بواری خوێندەواری كەم و زۆر دەتوانین بڵێن ژن و پیاو بەرامبەرن، بەڵام لە دابەش كردنی دەسەڵات بەم شێوەیە نییە و هەڵاواردن بە ئاشكرا هەستی پێ‌ دەكرێ‌. ئەمە گۆشەیەك لە هەڵاواردنی ئافره‌تان" كە لە چوارچێوەی سیاسەت و دەوڵەت دەبیندرێ‌. بەڵام لە پانتای جیاجیادا هەڵاواردن و زۆرجار ستەم كردن لە ژن بەردەوامە".
لەوانەیە بتوانین بڵێین لە چەند ساڵی رابردوودا، لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، بزوتنەوە و حەرەكەتە ئازادیخوازیەكانی ئافره‌تان لە سەرانسەری جیهاندا، بە ئامانجێكی دیار و زۆر جاریش هاوبەش بەرچاو دەكەون، نموونەی چالاكییەكانی گروپی فێمێنستە كە لە شوێنە گرینگەكانی شار و وڵاتەكان و زۆرجار لە كۆبوونەوە گرینگەكان و لەبەر چاوی پیاوە سیاسییەكان، بە شێوەی خۆرووت كردنەوە و نووسینی دروشم لەسەر جەستەی خۆیان هەوڵ دەدەن دەنگی خۆیان بگەیننە شوێنی مەبەست.
خۆپێشاندانەكانی وڵاتی هیندستان بە دژی بەرز بوونەوەی رێژەی دەستدرێژی سێكسی لەسەر ئافره‌تان، لە سەرووی هەموو ئەوانەوە ئافره‌تان ی كۆبانێ و دەستكەوتە زێرینەكانیان بوو بە نموونەی پێناسەی ژنی كورد لە سەرانسەری جیهاندا .
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتداریی كۆماری ئیسلامیش و ئەو بەشەی كوردستان كە لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا دەور دراوە، بەداخەوە بە پێچەوانەی وڵاتانی جیهانە و ئافره‌تان ناتوانن وەك ئافره‌تانی وڵاتانی دیكە هیچ حەرەكەتێكی مەدەنی ئەنجام بدەن، لەم رێگایەشدا قوربانی بەخشیوە، بەردباران كراوە، زیندانی كراوە و لە پەت و سێدارەدراوە ئافره‌تان بەدرێژایی ساڵانی دەسەڵاتداریەتی حكومەتە دیكتاتۆرییەكان نیشانیان داوە كە ناتوانن لە بەرامبەر ئەم هەموو زوڵم و ناڕەواییە تاقەت بێنن، بۆیە بە شێوەكانی جۆراوجۆر نارەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و سەلمێنەری ئەم بابەتەش 96 زیندانی سیاسی ژنە كە 23یان كوردن و لەحالی حازیردا لە زیندانەكانی رێژیم لە بارودۆخێكی زۆر نالەبار راگیراون.
ئازادی چەمكێكە تەواوكەری مرۆڤ بوونە، بە تایبەت ئافره‌تان كە بە درێژایی مێژوو ئەم مافەیان لێ زەوتكراوە. كەواتە خەباتی ژن بۆ ئازادی و مافی بەرامبەر و گەیشتن بە ئازادی، تەواوكەری پێناسەی رەگەزی و ئینسانیەتی، شتێكی زۆر سەرەتایی و بەرهەقە.
سەرچاوەكانی هەواڵ و پارێزەرانی مافی مرۆڤی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردووەەوە كە دوو كەس لەو ژنە زیندانییە كوردانە بەناوەكانی “ئەمەل شێخۆ و زەینەب جەلالیان” سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە.
دوو ژنە كوردی خەڵكی مەهاباد كە دینی مەسیحیان هەڵبژاردووە بە 4 ساڵ زیندان و 4 ژنی بەهایی خەڵكی و رمێش بە 7 ساڵ و 6 مانگ زیندان مەحكووم كراون.
سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە كە 9 ژنی دیكەی كوردی بەندكراو هەتا ئێستە چارەنووسیان ناڕوونە و هیچ سزایەكیان بۆ دیاری نەكراوە.