داهاتی تابلۆكەی نازم بۆ كرێكارێكی هەولێرە و لەزیادكردنی ئاشكرا دەفرۆشرێ
نازم دەبێتە سیمبوڵی كرێكارانی هەولێر
وێنەیەكی نازم هەولێری دەبێتە تابلۆیەكی هونەری و بەمزووانە لەزیادكردنێكی ئاشكرا دەفرۆشرێت و داهاتی تابلۆكەش بۆ نازمی كرێكارە، كە لەلایەن هونەرمەندێكی كوردی دانیشتووی هۆڵەنداوە، لەسەر ئەركی خۆی تابلۆكە دروست دەكات و بەپۆست لەسەر ئەركی خۆی بۆ كڕیاری تابلۆكە دەینێرێتەوە.
راپۆرتی/ كارزانی پیران
هونەرمەندی شێوەكاری دوورەوڵات محەمەد ئیسماعیل، كە ساڵانێكە لەغوربەت و لەوڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە، لەپۆستێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، دەڵێت" هاوڕێیان چاوەڕێ بن بەمزووانە ئەم تابلۆیە تەواو دەكەم و لەلاپەڕەكەی خۆم چەند ڕۆژێكە بۆ موزایەدە نمایشم كردووە، نرخی لە 1000 $ دۆلارەوە دەست پێ دەكات، كام خێرخواز پارەی زیاتری پێ بدات ئەوە خۆی دەبێتە خاوەنی ئەم تابلۆیەم و پێشكەشی دەكەم، بەمەرجێك بەبەڵگەوە ببینم پارەكە هەر هەمووی پێشكەشی كاك نازم دەكات، من بەهیچ شێوەیەك حەقی ماندوو بوونی خۆم وەرناگرم، تابلۆیەكە لە هۆڵەنداوە لەسەرئەركی خەرجی خۆم بەسەلامەتی بۆ خێرخوازەكە پۆست دەكەمە ئەدرێسی خۆی.
هەروەها دەڵێت" گەر دەتانەوێ ببنە خاوەنی ئەم تابلۆیەم هەست بەو بەرپرسیارێتی مرۆییە بكەن، ئێوەش بەشداربن لەم كەمپینەدا.
ئەو شێوەكارە كوردە بیرۆكەی ئەو تابلۆیەی لەوەوە سەرچاوە گرتووە، كاتێك وێنەیەكی نازم هەولێری بینیوە لەرۆژانی كەرەنتینە، كە بەتەنها لەسەر عەرەبانەكەی دانیشتووە، كاتێَك فۆتۆگرافەر مەجروم بالیسانی وێنەیەكی نازم لەسەر عەرەبانەكەی دەگرێت وبڵاوی دەكاتەوە، لەوبارەیەوە ئەو شێوەكارە دەڵێت" ئەو دیمەنەی كاك نازم ناخمی هەژاند، دەست خۆشی لەفۆتۆگرافەری بەڕێز مامۆستا مەجرووم بالیسانی دەكەم، كاك نازم سیمبوڵی دەنگە كز كراوەكانی دەیان هەزار خەڵكی هەژارە لە وڵاتەكەی ئێمەدا، بۆیە بڕیارمدا دیمەنی فۆتۆیەكە بەجوانترین شێوە، بەڕەنگی ئاوی دروستی بكەم، چاوەڕوانی مرۆڤیكی خێرخوازو قارەمان دەبم، چاوەڕوانی خەمخۆری هەژاران دەبم".
مامۆستا مەجروم بالیسانی لەبارەی ئەو ساتەی فۆتۆكەی گرتووە، لەپۆستێكدا بەناوی "نازم و هەولێر" دەڵێت" ڕۆژی ١٣/٤/٢٠٢٠سەردەمی كەرەنتین وێنەكەم گرت، ئەو رۆژە لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی مامۆستا دیار سەردانێكی بازاڕو شێخەڵایان كردووە، كاتێك نازمی بینیوە بەتەنهاو بەبێ دەنگی لەسەر عەرەبانەكەی دانیشتووە، بێ دەنگییەك گەورەتر لەبێ دەنگی شار، دوای سەلام و كەلام نازم دەردەدڵی كردووە، چۆن وەختە شێت ببێت، وتوویەتی بێنە بەرچاوت، منداڵی نەخۆشت هەبێ و كەمئەندام بیت و ئیش و كاریشت نەبێت، هەروەها وتوویەتی لەتووڕەقەوە بەپێ رۆیشتن هاتوومەتە ناوبازاڕ.
ئەو فۆتۆگرافەرە دەڵێت" ئەو كاتە لەدڵی خۆمدا گوتم دەبێت چەندان نازمی دیكە هەبن، لەژوورێ بن، بێكاروكەسابەت و بێ پارە دڵیان كوشرابێ نەزانن روو لەكوێ بكەن.
بالیسانی هەروەها دەڵێت" پاش بڵاوكردنەوەی وێنەكە لەفەیسبوك، دەنگدانەوەیەكی زۆری پەیدا كرد لەسۆشیال میدیا، كە ئامانجی راستەقینەی من ناساندنی نازم بوو وەكو خۆی، تا ببێتە سیمبۆلی پیشاندانی چینی هەژارو كاسبكار.
دوای ئەو دەنگدانەوە گەورەیە، هونەرمەندی شێوەكاری تاراوگەنشین، محەمەد ئیسماعیل پەیوەندی بەم فۆتۆگرافەرە كردووە و مۆڵەتی وەرگرتووە، كە فۆتۆیەكە بكاتە تابلۆیەكی هونەری ناوازەو بیخاتە مەزادەوە بۆ نازمی پێشڕەوی چینی هەژار، مامۆستا بالیسانی لەكۆتایی پۆستەكەیدا دەڵێت" هیوادارم پارێزگاری هەولێر تابلۆكە بكڕن و ببنە خاوەنی ئەوشەرەفەو هاوكاری نازمی پێبكرێت و نازمەكانی دیكەشیان بەبیربێنەوە.
ئەو فۆتۆیە ئەگەرچی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەڵام تابلۆكەش بۆ هۆكارێكی دیكەو وەك دوو دەستە خوشك نازمیان كردە نوێنەری سیمبوڵی چینی كرێكارانی هەولێرو كوردستان، هەروەها لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەتایبەت فەیسبووك، پڕ بوو لە هەواڵ و پۆستی تابلۆكەی نازم هەولێری.
هونەرمەند كامەران حاجی لەپۆستێكدا كە لەلاپەڕەی شێوەكارەكە بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت" كاتێك هونەر لەپێناو مرۆڤایەتیدا دەبێت، كاتێك هونەرمەندی ڕاستەقینەو ڕاستگۆ دەیەوێت پەیامێك بگەیەنێت بەبێ بەرژەوەندی تایبەتی، لەڕێگای هونەرەكەی و فڵچەكەی هیوادارە بتوانی هاوكاری كاك نازم بكات، بە دەست خۆشییەوە ئەمە هەڵوێست و داواكاری كاك محەمەد ئیسماعیلە هیوادارم هاوكاری بین تا ژیانی كاك نازم بگۆڕین و هەندێك لە ئازارەكانی كەم بكەینەوە.
شاعیری لاوی هەست ناسك (هەڵوێست ئاخین) یش لەپۆستێكدا نووسیویەتی" تابلۆی زانای شارەكەم كاكە نازم، هیچ وێنەیەك لەماڵەكەم هەڵواسراو نیە بەڵام ئەو تابلۆیە بگاتە دەستم لەماڵەكەم هەڵیدەواسم.
كارزان سیان لەگروپی ماكۆس میدیا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، لەسەر وێنەكەی نازم نووسیویەتی" پارەدارەكان هەستیان لۆ ئەو تابلۆیە ناجوڵێ و بێ پارەكانیش حەزدەكەن بیكڕن".
ئاكۆ جەمیلی رۆژنامەنووس، كە بەدواداچوونێكی كردووە لەسەر ئەوشێوەكارە و سینەماكارێك، لەبارەی ئەو تابلۆیە دەڵێت" 10 گەڵا بۆ پیاوی عارەبانەكە، بەڵام موژدەت لێبێت من پێت ئەڵێم یەكەم كڕیار وەعدی 15 گەڵای پێداوی، كۆتا كۆمێنت 25 گەڵایە، هەروەها دەڵێت" ئەوشێوەكارە وتوویەتی ئەگەر كەسێك نازمی كاسبكار لە شوێنێك دابمەزرێنێت ئەوە تابلۆكەی بێبەرامبەر پێشكەش دەكەم".
گرووپی سابات شێوەكاری، كە گروپێكی شێوەكارییە، پۆستەكەی هونەرمەندی شێوەكار (محەمەد یاسین) ی پۆستكردووەتەوەو داوا لەهاوڕێیانی دەكات شەیری بكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بیبینێت.