میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان و ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دیموکراتى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 77 حەفتا و حەفتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستان
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (77) حەفتاوحەفتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستان دەكەین و، هیڤیدارین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (حیزبی دێموکراتی کوردستان) دەكەنەوە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەم رووەوە هەوڵەکاتان بۆ یەکگرتنەوەى هەردوو حیزبى دیمۆکرات بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە کەوا بە زووترین کات هەوڵەکان بە ئەنجام بگەن و یەکگرتنەوەى یەکجارەکى رابگەیەنن، بەباوەڕی ئێمە یەکگرتنەوەى هەردوو حزبى دیموکرات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕیزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
15 / 8 / 2022