غەفوور مەخموورى لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە: تەنها به یەکدەنگى و یەکڕیزى دەگەین بە‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان

میدیا – هەولێر

 

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە، وێڕاى پیرۆزبایى لە گەلى کوردستان و ماڵباتى شەهیدان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان، جەختدەکاتەوە سەر رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و کارکردن بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى و، رایدەگەیەنێت کە تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى، گەلى کوردستان بە‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دەگات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

 

پەیامى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە

- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...

- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...

جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت ...

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردییەوە جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و گەریلا و شەڕڤانان و زیندانیانى سیاسى نێو زیندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەكەم و، هیڤیدارم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان و رزگاربوونی نەتەوەكەمان لەژێردەستی داگیركەران.

بێگومان نەورۆز سیمبوڵی نوێبوونەوەو دەستپێكردنی ژیانێكی نوێیە، ئومێد دەكەين ئێمەی كوردیش وەكو نەورۆز دەست بە ژیانێكی نوێتر بكەین و کارنامەو بەرنامەیەكی نوێ‌ بۆ داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین، ئەمەیش بە رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدى، بۆئەمەش پێویستە بە زووترین کات (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) بە بەشدارى تەواوى هێزو لایەنەساسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت، بێگومان ئەمەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى باشوورى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى نەتەوەیى پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکبوونى کوردان و بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بکەین کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى كوردستانی مەزن بگرێتەخۆ، ئەمەش ئەڕکێکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەم قۆناخەى خەباتى گەلى کوردستانە، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بكەین، لەبەرئەوەى تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى دەگەین بە‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.

- جەماوەرى تێکۆشەرو خۆڕاگرى کوردستان ...

نەورۆزى ئەمساڵمان لەگەڵ نەورۆزى ساڵانى رابردوو جیاوازە، لە لایەک رژێمى عێراق کە لە ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ ەوە کەرکوک و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتووى داگیرکردۆتەوە لەو کاتەوە تا ئێستا رەوشى ئەو ناوچانەى داگیرى کردوونەتەوە ئاسایى نەکراونەتەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامن لە جێبەجێکردنى سیاسەتى پەراوێزخستن و بەرسیکردنى گەلى کوردستان، لەلایەکى دیکەوە رژێمى داگیرکەرى تورکیا سەرەڕاى دژایەتى و پێشێلکارییەکانى بەرامبەر نەتەوەکەمان لە باکوورى کوردستان، بەردەوام شەڕ بە باشوورو رۆژئاواى کوردستانیش دەفرۆشێت، ئەوەبوو لە ساڵى ٢٠١٨ تورکیاى فاشى هێرشى کردە سەر رۆژئاواى کوردستان و، دواى بەرخودانێکى بێوێنەى شەڕڤانان و گەلەکەمان لە هەمبەر هێرشى رژێمى تورکیا و چەتەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، رژێمى تورکیاى فاشى و خوێنڕێژ لە ١٨ / ٣ / ٢٠١٨ ەوە عفرینى قەڵاى بەرخودانى داگیرکردووەو لەو کاتەوە تا ئێستا دەستى بە وێرانکردنى شارەکە و ئاوارەکردن و جینۆسایدکردنى خەڵکەکەى کردووە و لەهەمان کاتدا رژێمى تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاواى کوردستان، هەروەها رژێمى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى چالاکوانان و گەنجانى نەتەوەکەمان، بێگومان تێکڕاى ئەم تاوانانەش بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەنجامدەدرێن و، وڵاتانى زلهێزى ویژدان مردوو بێدەنگن و ئارەقەى شەرمەزاریان لێدەتکێت، لێرەوە جارێکى دیکە زۆر بەتوندى داگیرکردنى کەرکوک و عفرین و گرتن و لە سێدارەنى لاوانى رۆژهەڵاتى کوردستان و تەواوى سیاسەتى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، لەهەمان کاتدا سڵاوو رێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکى خۆڕاگرى گەلەکەمان لە کەرکوک و عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجى قورسى ئەو سەرەڕۆییانەى خۆیان دەدەن و دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەك.

هەر بژین و سەركەوتووبن و سەربەخۆیی كوردستان ببینن.

غەفوور مەخمووری

سكرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

ئێوارەى 20 / 3 / 2022